پەرلەمانی عێراق دانیشتنی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی دوا دەخات
بڕیاربوو کاتژمێر 3ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 28-3-2021، پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئاسایی ژمارە 46ـی وەرزی یاسادانانی یەکەم لە ساڵی یاسادانانی سێیەمی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی خۆی، ساز بکات.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دانیشتنەکە بۆ کاتژمێر 7ـی ئێوارە دواخراوە.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان هۆکاری دواخستنەکەی بۆ بەردەوامیی کۆبوونەوەکانی کوتلە سیاسییەکان و نوێنەرانی حکوومەتی عێراق، گەڕاندووەتەوە.
بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە بریتییە لە یەک خاڵی سەرەکی، کە دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021.
شەوی شەممە (دوێنێ)، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.
باسنيوز
