لە رووداوێكی گوماناویدا و لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو چەكداری پەكەكە كوژران

لە رووداوێكی گوماناویدا و لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو چەكداری پەكەكە كوژران
پارتی ژیانی ئازادیی كوردستان (پژاك) كە باڵی ئێرانی پەكەكەیە، كوژرانی دوو چەكداری خۆی بە ناوەكانی (زاگرۆس مانی و شەوگەڕ چیا) لە نێو سنووری پارێزگای سلێمانی راگەیاند.

ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٨ی ئاداری ٢٠٢١، پژاك لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد كە ڕۆژی ٤ی ٢ی ٢٠٢١ دوو چەكداری بە ناوی (زاگرۆس مانی و شەوگەڕ چیا) لە ناوچەی چەم شلێری سەر بە شارۆچكەی پێنجوێن (پێنج خولەك لە سەنتەری قەزای پێنجوێن دوورە) كوژراون.

لە راگەیاندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە دوو كەس بۆ بینینی ژمارەیەك لە چەكداری پەكەكە، سەردانی چەمی شلێریان كردووە، دواتر هەردوو چەكدارەكەیان ”بە شێوازێكی نامرۆڤانە و دڕندانە“ كوشتووە، ئەم كارەش بە ”پیلانگێڕیی ئێران“ لێكدراوەتەوە.

هەرچەندە پەكەكە بانگەشەی ئەوە دەكات كە چەكدارەكانی بە ”پیلانگێڕیی ئێران“ كوژراون، بەڵام بەردەوام جەخت لە بەهێزیی پەیوەندیی نێوان پەكەكە و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرجەم ئەو ناوچانە دەكرێتەوە كە پەكەكەی تێدایە. جگە لەوەی چاودێران بەردەوام ئاماژە بەوە دەدەن كە پەكەكە خۆی هەر چەكدارێكی بە دڵ نەبێت، دەیانكوژێت و دواتر لە میدیاكانەوە ئۆباڵەكەی دەخاتە سەر لایەنی دیكە.












باسنيوز


Top