لە ئەمڕۆوە دەست بە خەرجکرنی نیوه‌ی بڕه‌پاره‌ی سێ ساڵی جووتیاران ده‌كرێ

لە ئەمڕۆوە دەست بە خەرجکرنی نیوه‌ی بڕه‌پاره‌ی سێ ساڵی جووتیاران ده‌كرێ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشه‌سازی ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، لە ئەمڕۆوە دەست بە خەرجكردنی نیوەی پارەی سێ ساڵی جووتیارانی هەولێر و سلێمانی دەکرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28/3/2021، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تى هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەرانی بانکەکانی هەولێر کرد، بەتایبەت قەڵات وحەدیاب ڕەزامەندییان دا کە ڕۆژانە 250 چەکی بانکی وەربگرن کە شایستە داراییە کانی جووتیارانە بۆ ساڵی 2014 و 2015".

ئاشكراشی كرد، كه‌ لە ئەمڕۆ یەکشەمەوە لە سایلۆی هەولێر ئەو چەکانە دەدرێتە جووتیاران ولەوبانکانە پارەکانیان وەردەگرن.

سایلۆی هه‌ولێر ئاگادارییه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، بۆ جووتیارانەی كه‌ گه‌نمیان رادەستکردووە و تێیدا هاتووە "ئەو جووتیارانەی لە ساڵەکانی 2014 و 2015 گەنمیان رادەستی سایلۆکان کردووە، لە ئەمڕۆوە سه‌ردانی سایلۆ بكه‌ بۆ وه‌رگرتنی چه‌كه‌كانیان. پاره‌ی ساڵی 2016ـیش ڕێكارێكی كارگێڕیی ماوه‌ و دواتر خه‌رج ده‌كرێ.

نەوزاد شێخ کامیل، جەختیشی کردەوە لە سلێمانیش دەست بەخەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێ.

لە ئاگادارییەکی سایلۆى سلێمانیدا هاتووە "ئەو جووتیارانەی لە ساڵەکانی (2014 - 2015 - 2016) گەنمیان رادەستی سایلۆکان کردووە وەکالەتیان بۆ کراوەتەوە، پێویستە وەکالەتەکانیان نوێ بکەنەوە بۆ ساڵی (2021)، لە ڕۆژی دووشەمەوە دەست بە خەرجکردنی پارەکانیان دەکرێ.

دوای چەند ساڵ ڕاگرتنی خەرجكردنی پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016ى جووتیارانی هەرێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌، دوا جار حكوومه‌تی عێراق بڕیاری دا نیوەی پارەكە، كه‌ 268 ملیار دیناره‌، خەرج بكات.

پێش پشووەکانی نەورۆز 85 ملیار دیناری پارەی جووتیارانی دهۆک خەرج کراوە، 183 ملیار دینارەکەی جووتیارانی هەولێر و سلێمانیش له‌مڕۆ به‌دواوه‌ خەرج دەکرێت.

پێشتر فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو، كه‌ لە هەوڵی ئەوەدان نیوەی پارەكەی تریش خەرج بكرێت، "50%ی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە خەرج بكرێت، لە هەوڵی ئەوەداین ئەویش خەرج بكرێت و كێشەكە بە تەواوی چارەسەر بكرێت".





باسنيوز
Top