ئۆجەلان پەیوەندی بە براكەیەوە دەكات
پارێزەرانی ئۆجەلان لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایانكرد، ئەمڕۆ محەمەد لە دادگای كەرتی شانلی ئۆرفا بە تەلەفۆن لە گەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برای قسەیكردووە.
تیمی پارێزەرانی بەرگریكردن لە ئۆجەلان گوتیان: ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ماوەیەكی كەم لە ئەنجامدانی پچڕا و نەكرا "زانیاری پێویست" لەسەر رەوشی تەندرووستی ئۆجەلان بەدەست بێنێت.
ئۆجەلان لە ساڵی 1999وە ھەواڵگری توركیا توانییان لەدەرەوەی وڵات بیڕفێنن و بیگەڕێنەوە توركیا و دواتر دادگایی و زیندانیی بكەن، لە ماوەی ئەم 22 ساڵەی زیندانیدا، ئەمە دووەم جارە ئۆجەلان تەلەفۆن بەكاردەھێنێت.
تاكو ئێستا برای ئۆجەلان ھیچ وردەكارییەكی لە بارەی ناوەرۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە یان رەوشی تەندرووستی ئۆجەلانی ئاشكرانەكردووە، ھەرچەند لەماوەی رابردوودا زۆر دەنگۆ ھەبوون لە بارەی خرابی تەندرووستی سەرۆكی پەكەكە، لەوانەش باس لە مردنی دەكرا.
لە كۆتایی مانگی نیسانی 2020 دەسەڵاتدارانی توركیا، مافی بەكارھێنانی تەلەفۆنیان بە ئۆجەلان دا بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و رێگریش لە پارێزەر و خانەوادەی كرا لەسەردانیكردنی. ئەمەش یەكەم جار بوو دوای 21 ساڵ بە تەلەفۆن قسە بكات.
ساڵێك و نیوە ئۆجەلان چاوی بە پارێزەرانی خۆی نەكەوتووە، پێشتریش بۆ ماوەی 8 ساڵ رێگای لێگیرابوو، تا لە نێوان مانگی حوزەیران و سەرەتای مانگی ئاب ساڵی 2019 ئەنقەرە رێگای پێدا چەند جارێك چاوی بە پارێزەرانی بكەوێت.
چەندین جار پارێزەرانی ئۆجەلان بێزاری خۆیان دەربڕیوە لە قبووڵ نەكردنی داوای دیدار لەگەڵ ئۆجەلان لە لایەن داواكاری گشتی توركیاوە. لە 7ی ئابی 2019 دوا جار بووە ئۆجەلان چاوی بە دوو لە پارێزەرانی كەوتووە.
لە وەتەی ئۆجەلان لەشوباتی ساڵی 1999 لە "نایرۆبی"یەوە رفێندراوە، تاكو ئێستا سزای زیندانی ھەتاھەتای بەدرێژایی ژیان بەسەر دەبات لە زیندانێكی دوورە پەرێز لە دوورگەی "ئیمراڵی" لە باشووری دەریای مەرمەرە.
k24 -
