ئەحمەد سەفار: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا جێگیرکراوە
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنی سیاسی و حکومەتی عێراق کێشەی لەسەر نەماوە و چارەسەر کراوە، "دەقێک بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان هاتووە، دەنگمان لەسەر داوە و خستوومانەتە نێو رەشنووسی یاسای بودجەوە".
سەبارەت بە داخوازیی لایەنە عێراقییەکان، د. ئەحمەد سەفار گوتی "ئەوان داوایانکردووە هەندێک گۆڕانکاری بخەنە ئەستۆی شاندی هەرێمی کوردستان، ئەوان هەندێک نەرمییان نواندووە و گوتوویانە هەرچەندە دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام دەرفەت هەیە دانوساندنی لەسەر بکرێت، چونکە ئێمە جیدین و هاتووین کێشەکە چارەسەر بکەین".
بڕیاردەری لیژنەی دارایی روونیکردەوە، شیعەکان لەنێو خۆیاندا ناکۆکن لەسەر پرسی بودجە و بەشێکیان دەیانەوێت بودجە دەنگی لەسەر نەدرێت.
بە گوتەی د. ئەحمەد سەفار، کێشەی سەرەکی ئەوەی نەهێڵدراوە پەرلەمان تاوەکو ئێستا لەسەر بودجە کۆببێتەوە "کێشەی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو کێشەی هەرێمی کوردستان چارەسەر کراوە، کێشەکە ململانێیە لەنێوان کوتلە سیاسییەکانی شیعی و نێوان ئەوان لەگەڵ بەڕێز مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران".
ئەو هەڵوێستەی فراکسیۆنە شیعییەکانی گەڕاندەوە بۆ ئەو کارەیان، وەکو بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "بۆ ئەوەیە پارە نەچێتە بەردەستی سەرۆکوەزیران و کارەکانی بکات. دووەمیش؛ ململانێی نێوان ئەوان بۆ خۆیان هۆکارێکی دیکەیە، چونکە ئەوان هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ خەڵکەکەیان نەکردووە و دەبێت بەشە بودجەی پارێزگاکان زیاد بکەن. هەروەها دەیانەوێت هەندێک پلەی دیکەی دامەزراندن بێنە پێشەوە و ئەوەش بودجەکە بەشی ناکات".
ئەحمەد سەفار باسی لەوەش کردووە، پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 جێگیرکراوە و لە لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر دراوە، "واتە پشکی هەرێمی کوردستان گرێکوێرە نییە".
rudaw -
