پێشمەرگەیەک لەکاتی بردنی خۆراک بۆ هاوسەنگەرەکانی ئۆتۆمبێلەکەی گڕدەگرێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-03-2021 عەزیز ئیبراهیم، پێشمەرگەیەک لە میحوەری گوێڕ، لەسەر داوای هاوڕێکانی دەچێتە بازاڕ و پێداویستی و کەلوپەلەکانی رۆژانەیان دەکڕێت، پاشان لە کاتی گەڕانەوەیدا بە هۆکارێکی نادیار ئۆتۆمبێلەکەی گڕدەگرێت، عەزیز ئیبراهیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری پیکاب دیر بووە و نرخی سێ هەزار 600 دۆلار بووە، هەروەها ئۆتۆمبێلەکەش 700 هەزار دیناری تێدابووە.
عەزیز ئیبراهیم تەمەنی 43 ساڵانە و لە خانووێکی کرێ لە سێبەردان دەژی، ئەو پێشمەرگەیە شەش منداڵی هەیە، لەبارەی خزمەتی پێشمەرگایەتییەوە دەڵێت: "23 ساڵە پێشمەرگەم و سێ ساڵیش بەشداریی شەڕی داعشم کردووە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەزیز ئیبراهیم لەبارەی کاتی سووتانی ئۆتۆمبێلەکە دەڵێت: "نازانم چۆن و بە چ هۆکارێک سووتا، هەر ئەوەندە دەزانم کە گڕێک لە مەکینەی ئۆتۆمبێلەکە بەرزبووەوە و بەپەلە رامکرد و خۆم رزگار کرد".
ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەکە دوای سووتانی. وێنە: هیدایەت ئەسکەندەر ناردووەئۆتۆمبێلی پێشمەرگەکە دوای سووتانی. وێنە: هیدایەت ئەسکەندەر بۆ رووداوی ناردووە
دوای ئەوەی کە عەزیز تووشی ئەو رووداوە دەبێت، هاوڕێکانی دێن بە هانایەوە و هەوڵ دەدەن ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام ناتوانن. هاوژینی عەزیز کە ئاگاداری رووداوەکە بووە، بە گریانەوە داوای لێ کردووە کە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و ماوەی چەند رۆژێک پشوو وەربگرێت.
هیدایەت ئەسکەندەر، هاوڕێیەکی عەزیزە و ڤیدیۆی کاتی سووتانەکەی ناردووە و دەڵێت: "کاک عەزیز پێشمەرگەیەکی دڵسۆزە، هیوادارم خەڵک یارمەتی بدەن و کەمێک باری سەرشانی سووک بکەن".
rudaw -
