چاودێرێک: ئەوەی لە عێراق روودەدات کودەتای میلیشیاكانە و زۆر مەترسیدارە
د. هاوار نێروەیی، شارەزا لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی، ڕای گەیاند، ئەوەی لە شەقامی عێراقیدا روودەدات بە نمایشی ئەو هێزە میلیشیایانە و بێدەسەڵاتکردنی هێزە فەرمییەکان، کودەتایە. گوتیشی: ”چەند جۆرێک لە کودەتا هەیە، کودەتا هەیە لەناو هێزی فەرمیی سەربازی روودەدات کە زۆرجار ئەوە لە تورکیا بووە، کودەتاش هەیە لە دەرەوەی هێزی فەرمی لە لایەن هێزی میلیشیاییەوە روودەدات کە ئەوەیان مەترسیدارترین کودەتایە“.
ئاماژەی بەوەش دا، دەمێکە روودانی ئەو کودەتایە لە عێراق چاوەڕوانکراوە و ئامادەکاری بۆ دەکرێت. ڕوونیشی كردەوە: ”دەنگدان بە بەیاساییکردنی حەشدی شەعبی کە بەداخەوە هەندێ لە پەرلەمانتارانی یەکێتی دەنگیان بۆدا، ئەجێندای ئەو کودەتایە بووە کە یەکێتی لە ژێر کاریگەریی سیاسەت و ئابووریی ئەو هێزە میلیشیایانە دەنگی دا، ئەوەش زیانێکی گەورەی بۆ کورد دەبێت و هەر رووداوێکی نەخوازراو کە بەهۆی ئەو کودەتایەوە بێتە ئاراوە، هەرێمی کوردستانیش بەهۆی بوونی هێز لە چوارچێوەی ئەو ئەجێندایە باجەکەی دەدات“.
ئەو شارەزایە لە حەشدی شەعبی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە روودانی ئەو جۆرە کودەتایە لە هەر وڵاتێکدا لە دەرەوەی هێزی فەرمی زۆر مەترسیدارترە، چونکە وڵات دەکات بە گۆمی خوێن و شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێنێ، هەروەکوو ئەوەی لە سووریا و یەمەن و لیبیا بینرا. گوتیشی: ”ئەو هێزانەی ئێستای حەشدی شەعبیو بەشێکیان لە ژێر هیچ هەژموونێکدا نەماون، تەنانەت مەرجەعیەت و ئێرانیش کە ئەوەش مەترسیدارترە و هەر شەڕێک بێتە ئاراوەو کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم دەبێت“.
جێی باسە، هەر ئەمڕۆ دوای نمایشی هێزەکانی حەشدی شەعبی، فهرماندهی گشتیی هێزه چهكدارهكانی عێراق مستهفا كازمی فهرمانی به سهرجهم كهرته سهربازییهكان كردووە كه بكەونە حاڵەتی ئینزاری (ج) و داوای له فهرماندهكان و سهركرده سهربازییهكان و سهرجهم ئهفسهرهكان كردوە، پهیوهندی به شوێنهكانی خۆیانهوه بكهن.
باسنیوز
