ئەندامێكی لیژنەی دارایی: كورد هۆكاری تێنەپەڕاندنی بودجە نییە
د. جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، "پێموانییە شەممەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەی 2021 لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، چونكە كێشە و ململانێ لەنێو فراكسیۆنەكانی شیعە تووندبووە و كوردیش هۆكاری تێنەپەڕاندنی نییە؛ هەركاتێكیش بیانەوێت دەتوانن بە زۆرینەی سیاسی و بەبێ كورد تێیپەڕێنن".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، كورد بەربەست نییە و نێو ماڵی شیعە بەربەستە، "ئێستا دوو بۆچوون و ویست هەن؛ یەکێکیان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت، بودجە تێپەڕێندرێت و پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، كازمی و پشتیوانانی حكومەتەكەی بەهێزدەبن، چونكە 130 تریلیۆن دینار دەچێتە بەردەستی؛ لە بەرامبەردا بەرەیەك هەیە نایەوێت كازمی بەهێزبێت، پارەی زۆری لەبەردەست بێت و حكومەتەكەی سەركەوتووبێت، بۆئەوەی ئەوەش روونەدات پێویستە بودجە نەبێت".
د. جەمال کۆچەر ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرەی دووەم "پشكی هەرێمی کوردستان لە بودجە و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری لە بەرامبەر دیناری عێراقی و نادادپەروەری لە بودجەی پارێزگاكان كردووەتە بیانوو، ئەوانیش ژمارەیەكی زۆرن و هیچ نەبێت دەتوانن تێكدەربن. لە هەمانکاتدا هەڵمەتێكی راگەیاندنی گەورە دژی پاڵپشتیکارانی حکومەت دەستپێكراوە و دەڵێن، دەیانەوێت پارەی بەسرە بدەنە هەرێمی كوردستان".
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، هەریەک لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری، دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی لەوبەرەیەن کە لەگەڵ پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجە نین.
وا بڕیارە شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 کۆببێتەوە. چاوەڕان دەکرێت بەر لە دانیشتنەکەی پەرلەمان، شاندی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا بۆ گفتۆگۆکردن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.
rudaw -
