وەزیری تەندروستی: تووشبوون بە کۆرۆنا بەرەو لووتکە دەڕوات
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشدارییکردنی لە بووڵتنی هەواڵە تەندروستییەکانی کە رۆژین مەهدی پێشکێشی دەکات. باسی دۆخی کۆرۆنای لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند "کۆرۆنا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و ئێستا رێژەی تووشبوون گەیشتووەتە 10.3."
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات "ئێمە لەنێو شەپۆلی دووەمی کۆرۆناداین و تووشبوون بە کۆرۆنا بەرەو لووتکە دەڕوات."
د. سامان بەرزنجی پێشبینی ئەوەش دەکات، کە هەفتەی داهاتوو ژمارەی تووشبووان زیاتر بەرزبێتەوە و دەشڵێت "رێژەی تووشبوون ستانداردی تێپەڕاندووە."
هەر ئەمڕۆ د.ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژ بە رۆژ رێژەی ئەنجامی ئەرێنی پشکنینەکانی کۆرۆنا بەرزدەبنەوە و ئێستا هەرێمی کوردستان چووەتە نێو قۆناخێکی مەترسیداری کۆرۆناوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، هەفتەی رابردوو ئەنجامی ئەرێنی 7.5٪بوو، بەڵام ئەم هەفتەیە بۆ 10.3٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە و پێماندەڵێت،" لە قۆناخێکی مەترسیدارداین".
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، 411 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە. بەراورد بە رۆژی دووشەممەش 22-03-2021 ژمارەی تووشبووان بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
رۆژی دووشەممە 223 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکرابوون، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەکە گەیشتووەتە 411 کەس.
ئێستا کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 116 هەزار و 295 کەس. لەو ژمارەیەش 107 هەزار و 194 کەس چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 610 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها پێنج هەزار و 491 کەس چارەسەر وەردەگرن.
rudaw -
