تەرمی پرۆفیسۆر کەمال مەزهەر دەگاتەوە هەرێمی کوردستان
ئەو مێژوونووسە ناودارەی کورد ڕۆژی سێشەممە ١٦ی٣ی٢٠٢١ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، وابڕیارە پاش ئەوەی ئەمشەو تەرمەکەی دەگاتەوە شاری هەولێر سبەی رێورەسمێکی تایبەت ساز بکرێت و پاشان بەرەو شاری سلێمانی بەڕێبکرێت و لەوێ لە گردی سەیوان بە خاک بسپێردرێت.
کەمال مەزھەر ئەحمەد لە ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی ئاغجەلەری سەربە شاری کەرکووک لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٥٥ قۆناغەکانی ئامادەییی تەواوکردووە، ساڵی ١٩٥٩ لە زانکۆی بەغدا، بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە مێژوودا بە پلەی شەرەف وەردەگرێت، لە ساڵی ١٩٦٩ لە سۆڤیەت بڕوانامەی دکتۆرا بەدەستدەهێنێت، خاوەنی دەیان لێکۆڵینەوە و کتێبی مێژووییە لەسەر کوردستان و کورد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دەیان قوتابی لەسەر دەستی ئەودا بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان لە مێژوودا بەدەستهێناوە.
rudaw -
