مەسرور بارزانی: هیوادارم حکوومەتی فيدراڵی ئەرکەکانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی هەموو خاڵە دەستوورییەکان بە جێبهێنێت

مەسرور بارزانی: هیوادارم حکوومەتی فيدراڵی ئەرکەکانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی هەموو خاڵە دەستوورییەکان بە جێبهێنێت
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردییەوە بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکە:

بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستانییان ، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنییەکان و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم . هیوادارم ساڵی خۆشی و خۆشگوزەرانی بێت بۆ گەلی کوردستان.

نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، هەمیشە هێما و سیمبولی ئازادی و نوێبوونەوەی ژیان و سەرکەوتن بووە ، بۆیە هیوادارم ئەم نەورۆزە ، ببێتە مایەی بە ديهێنانی هەموو مافەکانمان و سەرکەوتن بە سەر هەموو سەختی و ناخۆشییەکاندا.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خەڵکی کوردستان بکەم، بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگرییان کە هاوکار و یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بتوانێت ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە.

هیوادارم حکومەتی فيدرالی، ئەرکەکانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی هەمو خاڵە دەستوورییەکان بە جێ بهێنێت، بو ئەوەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و ئاسایش لە هەمو عێراقدا بچەسپێت.

داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم ، پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، بەتایبەتی لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا، بۆ ئەوەی بە یەکەوە کاربکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە، لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگە بە گشتی و بەسەربردنی کاتێکی خۆشتر.

نەورۆزتان پیرۆز بێت و کوردستان هەمیشە ئاوەدانتر و گەشەسەندووتر بێت .

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/3/20










باسنيوز

Top