ئومێد خۆشناو دوو داواکاری ئاراستەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر دەکات

ئومێد خۆشناو دوو داواکاری ئاراستەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر دەکات
پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە کوردستانییان دەکات و دوو داواکاری ئاراستەی دانیشتووانی پارێزگا دەکات.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێکدا، وێڕای پیرۆزبایی جەژنیی نەورۆز، جەختی لە ئامادەیی ئیدارەی هەولێر بە هەموو شارۆچکە و شارەدێکانییەوە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان، کردووەتەوە.

ئومێد خۆشناو لە راگەیەندراوەکەدا، داوای کردووە هاووڵاتییان لەکاتی سەیران و گەشتیەکانیاندا بەبۆنەی نەورۆز رەچاوی رێنوێنییە خۆپارێزییەکان لە کۆرۆنا بکەن و ژینگە و سرووشتی کوردستان بپارێزن.

دەقی راگەیەندراوەکەی ئومێد خۆشناو:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2721ی كوردی، پیرۆزبایی لە کوردستانیانی خۆشەویست بەگشتی و پارێزگای هەولێر بەتایبەتی و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین و هیوادارین لە سەرەتای دەستپێکی بەهاری ئەمساڵ لە كەشێكی خۆش و بەهاری و لەسایەی ئەو ئارامیەی لەکوردستاندا بەرقەرارە، سەیران و خۆشیەكانتان بەڕێوەببەن و نەورۆزی جەژنی خۆڕاگری و بەرخودان و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداری، ببێتە مایەی کامەرانی و ئاشتی و کۆتایی هاتنی نەهامەتی و قەیرانەکان لەهەرێمی کوردستان.

بەداخەوە، ئەگەرچی لەئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرونا و ئەو بارودۆخە نالەبارەی تەندروستیی دووچاری هاتووین، ئازیزانێکی زۆرمان لەدەستداوە، وێڕای سەرەخۆشیمان لە کەس و کاری قوربانیان، داواکارین لە سەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان و هەموو لایەك وەك ئەركێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی و بەوپەری هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆیان و ئازیزانییان، پابەندی ڕێنماییە تەندروستیی و ڕێکارەکانی خۆپارێزبن، ئێمەش وەکو ئیدارەی خۆجێی وپارێزگای هەولێرو سەرجەم قائیمقامیەتەکان و ناحیه‌و بەرێوەبەرایەتی وفەرمانگە خزمه‌تگوزاریه‌کان ودەزگائەمنیەکان ( پۆليس، ئاسايش، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، بەرگری شارستانی و هەموو هێزەکانی تری ناوخۆ) دووپاتی دەکەینەوە وەک هەمیشە لەخزمەتی ئێوەدا دەبین و شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتیی تەندروستیی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئێوەش هاوکارمانبن، دڵنیاین بە هاوکاری و خۆڕاگری و پشتیوانی ئێوەی بەڕێز و پابەندبوونتان بەبڕیار و ڕاسپارەدەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن و ڕێکارە تەندروستییەکان، ئەم دۆخە سەختەش تێدەپەڕێنین و بە سەلامەتی و سەرکەوتویی لێی دەردەچین.

لێره‌وه‌ش داوا له‌ هاوڵاتیانی شاره‌ خۆشه‌ویسته‌که‌مان ده‌که‌ین، له‌ کاتی گه‌شت و سه‌یران، ژینگه‌ بپارێزن و شوفێرانیش ئارام و له‌سه‌رخۆبن و گیانی خۆتان و هاوڵاتیان مه‌خه‌نه‌ مه‌ترسی.

جارێکی دیکە نەورۆزتان پیرۆزبێت و هیواخوازین نەورۆزی ئەمساڵ ببیتە مایەی خێر وخۆشی و بەرەکەت بۆ هەموولایەک و نەورۆزی نەمانی قەیرانەکان و خۆشگوزه‌رانى و به‌خته‌وه‌رى بێت بۆ کوردستانیان.

هەمیشە دووربن لەناخۆشی و نەخۆشی.

ئومێد خۆشناو

پارێزگاری هەولێر

2021.3.20






باسنيوز
Top