لە مێرسین 14 ئەندام و لایەنگری هەدەپە بە تۆمەتی ئەندامێتی پەکەکە دەستبەسەرکران

لە مێرسین 14 ئەندام و لایەنگری هەدەپە بە تۆمەتی ئەندامێتی پەکەکە دەستبەسەرکران
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری مێرسین، 14 ئەندام و لایەنگری هەدەپە بە تۆمەتی ئەندامێتی و هاوکاریکردن و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە و کەجەکە دەستبەسەرکران.

فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەی مێرسین رایگەیاند، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی مێرسین، ئەمڕۆ هەینی 19ی ئاداری 2021 بە بەشداریی تیمی تایبەتی جەندرمە، لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئادانا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستبەسەرکردنی 14 ئەندام و لایەنگری هەدەپە دەستپێکرد.

فەرماندەیی جەندرمەی شارەکە، ئەوەشی خستەڕوو کە لە شارۆچکەکانی ئاکدەنیز، تۆرۆسلار، یەنیشەهیر، تارسوس و سیلیفکە 14 کەس دیاریکراون کە لە هەوڵدابوون بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان و نانەوەی پشێوی لە پێش جەژنی نەورۆزدا. لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا تیمەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو 14 کەسە و دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکانیان، چوونە ژوورەوە و ماڵەکانیان پشکنی.

دەستبەسەرکراوەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی مێرسین کران و لە ئەنجامی پشکنینی ماڵەکانیاندا دەستگیرا بەسەر ژمارەیەک بەڵگە و کەلوپەلی دیجیتاڵی.
rudaw -
Top