مەسعود حەیدەر: شكستمان به‌ پرۆسه‌ی به‌ ئیسلامیكردنی عێراق هێنا

مەسعود حەیدەر: شكستمان به‌ پرۆسه‌ی به‌ ئیسلامیكردنی عێراق هێنا
مه‌سعود حه‌یده‌ر، راوێژكاری سه‌رۆك بارزانی، رایگه‌یاند، به‌ سه‌ركردایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ هه‌ماهه‌نگی فراكسیۆنی پارتی و هاوپه‌یمانی و به‌شێك له‌ سوننه‌كان شكستمان له‌ به‌ ئیسلامیكردنی ده‌وڵه‌تی عێراق هێنا، كه‌ پڕۆژه‌ی وڵاتێكی هه‌رێمایه‌تی و هه‌ندێك هێزی ناوخۆ بوو.

مه‌سعود حه‌یده‌ر لە لێدوانیکیدا راشیگەیاند: "سه‌رۆك بارزانی، ئێمه‌ی راسپاردبوو بۆ به‌دواداچوونی ئه‌م دۆسییه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌موو شتێك گرنگتر به‌لای سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو، كورد هه‌ر بڕیارێك ده‌دات یه‌ك هه‌ڵوێستی هه‌بێت، زۆر جه‌ختیكرده‌وه‌، كورد یه‌ك ده‌نگ بێت".

گوتیشی: "ئێمه‌ سه‌یرمان كرد، شیعه‌ له‌گه‌ڵ داواكانی كورد نییه‌، وتمان ئه‌م یاسایه‌ ناهێڵین بڕوات، به‌ دوو ئامانج، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ نه‌بێته‌ ئیسلامی و پڕۆژه‌ی به‌ ئیسلامیكردنی عێراق شكستپێبهێنین، دووه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌سته‌به‌رییه‌كمان هه‌بێت و رۆژێك له‌ رۆژان دادوه‌رانی كورد نه‌هێڵن مه‌ترسی درووست بێت، له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی قسه‌مان كرد، چونكه‌ یه‌ك ئاراسته‌ بین له‌ په‌رله‌مان زۆر گرنگه‌، براده‌رانی گرووپی هیوا، كه‌ 15 په‌رله‌مانتارن، به‌ سووپاسه‌وه‌ ده‌نگیان نه‌دا، چونكه‌ ئێمه‌ رێككه‌وتنێكی مه‌بده‌ئیمان كردووه‌ له‌ ماڵی سه‌رۆك كۆمار، پێویست بوو براده‌رانی یه‌كێتی رێزی ئه‌مه‌ بگرن. هه‌روه‌ها له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو، زۆر جه‌ختمان له‌ براده‌رانی یه‌كێتی كرد، با هه‌مواره‌كه‌ بڕوات و سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی زۆر به‌ راشكاوی وتی: ئێمه‌ بۆ هه‌موار ناچین و بۆ ده‌نگدان به‌ یاسا نوێیه‌كه‌ ده‌چینه‌ ژووره‌وه"‌.

سەبارەت بە هەڵوێستی یه‌كێتی ناوبراو گوتی: "مه‌زەنده‌ ده‌كه‌م په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌جێندای سیاسی حزبه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و حزبه‌ مومكینه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌جێندای وڵاتێكی هەرێمی یه‌كبگرێته‌وه"‌.

ئاشکراشی کرد: "یه‌كێتی به‌و هه‌موو خه‌باته‌وه‌ و حزبێكی سۆشیال دیموكراته‌ و لام سه‌یره‌ ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات، روكنێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق بنه‌مایه‌كی ئیسلامی و ئایینی هه‌بێت، ئێمه‌ هه‌میشه‌ ده‌ڵێین دین بۆ خوا و وڵات بۆ هه‌مووان. چۆن ده‌بێت تۆ ئیش بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بكه‌یت عێراق ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی و تائیفه‌گه‌ری رۆڵی ئه‌ساسی هه‌بێت تێیدا. كه‌ داوامان لێكردن، ده‌نگ به‌ هه‌مواره‌كه‌ بده‌ن. وتیان ئه‌سته‌مه‌ ده‌نگ ناده‌ین و له‌گه‌ڵ یاسا نوێیه‌كه‌ین".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌وه‌ی له‌م دوو سێ رۆژه‌ روویدا جۆرێكی دیكه‌ بوو له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌رێكی دیكه‌. ئه‌مه‌ خه‌ته‌رێكی زۆر گه‌وره‌ و ئیشێكی زۆر خراپه‌ و نابێت كورد له‌ به‌غدا به‌م شێوه‌یه‌ ئیش بكات".

له‌ باره‌ی دانیشتنی تایبه‌ت به‌ بودجه‌، كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، مه‌سعود حه‌یده‌ر گوتی: "ئه‌گه‌ر به‌یانی براده‌رانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ كورد نه‌بن، واته‌ دژایه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌ نێوان هەولێر و به‌غدا كراوه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ زۆر شوێن دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، هه‌رێمی کوردستانپابه‌ند ده‌بێت پێیه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ شتێكی دیكه‌ بێت پێوه‌ی پابه‌ند نابێت".

سەبارەت بە هه‌ڵوێستی چه‌ند ئه‌ندامێكی یه‌كێتییه‌وه‌، مه‌سعود حه‌یده‌ر ئاشكرای كرد،نوێنه‌ری یه‌كێتی، ئه‌ڵماس فازڵ، خه‌ڵكی كه‌ركووكه‌ له‌ ناو لیژنه‌ی یاسایی، دژی ئه‌مه‌ بووه‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ چووه‌ له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی كردوویه‌تی به‌ شه‌ڕ و گوتویه‌تی: "ئه‌وه‌ی كه‌ ماوه‌ له‌ كوردستاندا ده‌تانه‌وێت ئه‌وه‌ش بفرۆشن و ئه‌مه‌ خیانه‌ته‌ له‌ كورد و ناچمه‌ ژێر باری ئه‌وه‌ش".

ڕوونیشیکردەوە: "نهێنییه‌ك هه‌یه‌ ناچارم ئاشكرای بكه‌م، به‌ راشكاوی سه‌ركرده‌كانی شیعه‌ دوێنێ و پێرێ شه‌و پێیان وتم، براده‌رانی یه‌كێتی فه‌رزیان كردووه‌ له‌سه‌ر شیعه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێم لانه‌به‌ن ئێمه‌ له‌گه‌ڵتان نابین، ئامانجه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پارتی ئه‌ندامی نه‌بێت له‌ دادگای ئیتیحادی و ئه‌وان له‌گه‌ڵ دادگای ئیتیحادی رێكبكه‌ون و دوو دادوه‌ر دابنێن و رێكیشكه‌وتوون، ئه‌گه‌ر یاساكه‌ تێپه‌ڕێت، شاره‌زای شه‌ریعه‌ت بده‌نه‌ كامه‌ حزب و ئه‌مڕۆش ئه‌و تۆپه‌یان فڕێ دایه‌ گۆڕه‌پانی شیعه‌ و ئه‌مڕۆش شیعه‌ وتیان ئه‌گه‌ر ده‌نگ نه‌ده‌ن، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێم لاده‌به‌ین، ئه‌وه‌ی كه‌ دانراوه‌، ئێستا ده‌ڵێت، نوێنه‌ری هه‌رێمی تێدا بێت، خۆ ده‌بێت ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی عێراق، داوا له‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم بكات و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم دانپێدانراوی ده‌ستوورین و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق ده‌بێت داوا له‌ هه‌رێم بكات بۆ دیاركردنی ئه‌و دوو دادوه‌ره‌. ئه‌مانه‌ پێشینه‌ی خراپن و ناكرێت به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك بخرێته‌ چوارچێوه‌ی ململانێی ته‌سكی حزبایه‌تی".
bas news -
Top