کاردانەوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر هەوڵەکان بۆ داخستنی هەدەپە
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری تورکیا لە دۆسیەکەدا هەدەپەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە سەرکردە و ئەندامەکانی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی کاردەکەن بە ئامانجی تێکدان و نەهێشتنی بنەما و پرەنسیپە نەگۆڕەکانی دەوڵەت و یەکپارچەیی خاک.
هاوسەرۆکانی هەدەپە لەبارەی پرسی داخستنی پارتەکەیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان ئەنجامدا، پەروین بوڵدان ئەو هەوڵە بە "کودەتا بەسەر یاسا و دەستوور"دا ناودەبات.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند "هەوڵدان بۆ داخستنی هەدەپە سەلمێنەری ئەوەیە کە خاوەن هزری کودەتاچییەکان بە کودەتاکردن بەسەر یاسا کارپێکراوەکاندا دەیانەوێت ویستی سیاسیی خۆیان جێبەجێ بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە، هەدەپە بۆ داهاتوویەکی گەشی ئەم وڵاتە هەموو تواناکانی خۆی خستووەتەگەڕ. کاری لەپێشینەی هەدەپە، گەڕاندنەوەی دادپەروەری و دیموکراسییەت و خۆشگوزەرانییە کە دەسەڵاتی ئاکپارتی زەوتی کردووە و رزگارکردنی کۆمەڵگەیە لە ستەمەکانی ئاک پارتی".
میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە جەخت لەوە دەکاتەوە، قەیرانی زۆر لە تورکیادا هەن، بەڵام دەسەڵات نایەوێت چارەسەریان بکات و بە داخستنی هەدەپە دەیەوێت تەمەنی درێژ بکاتەوە. ئەو دەڵێت "تۆمارکردنی داوای یاسایی بۆ داخستنی هەدەپە ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە دەسەڵات چەند لەرزۆک و بێ چارەیە و لە دۆخێکی چەند خراپدایە. لە تورکیا کێشەی زۆر گەورە هەیە چاوەڕێی چارەسەرکردنن؛ فرە قەیرانی هەیە و خەریکە وڵات نوقمی ئەو قەیرانانە دەبێت. تاکە هۆکاری کێشە گەورە و قەیرانە لەبن نەهاتووەکان، دەسەڵات و سیاسەتە هەڵەکانیەتی. دەسەڵات بە هیچ شێوەیەک توانای دۆزینەوەی هیچ چارەسەرێکی نەماوە، بۆیە هەوڵدەدات مانۆڕی نوێ بکات لەڕێگەی داخستنی هەدەپە بۆئەوەی تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژبکاتەوە".
لەلایەکی دیکەوە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، ئاماژە بە گرنگیی داخستنی هەدەپە دەکات و دەشڵێت، "هەدەپە و پەکەکە دوو رووی یەک دراون و پێویستە دابخرێت".
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کردووە "هەدەپە کە ناوەندی ئامادەکاری و لۆجستیی تیرۆریستانە، با لەمە زیاتر تووڕەمان نەکات. هەدەپە، پەکەکەیە و تاوان و دابەشکارییە، تەڵەی مردنە بۆ ژن و پیاو و گەنج و منداڵ. بوونی پەیوەندی لەگەڵ هەدەپە چۆکدادانە بۆ ستەمکاران. داخستنی هەدەپە بەو مەرجەی لەژێر هیچ ناوێکدا نەکرێتەوە، ئەرکێکی گەورەیە بۆ مێژوو، گەل، دادپەروەری و نەوەی داهاتوو".
لە کاردانەوەکانیشدا عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ داخستنی پارتێکی رەوا کە شەش ملیۆن دەنگی هەیە داخستنی رێگەی سیاسەت و بەندکردنی وڵاتە لە بێچارەییدا.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە پێیوایە داخستنی پارتی سیاسی رێگە لەبەردەم تورکیادا ناکاتەوە، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی تێکدەدات.
هەوڵەکان بۆ داخستنی هەدەپە کاردانەوەی نێودەوڵەتیشی لێکەوتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی تورکیا و هەوڵەکانی تایبەت بە داخستنی هەدەپە دەکەن و داواش لە حکومەتی تورکیا دەکات رێز لە ئازادیی رادەربڕین بگرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش ئاماژەی بەوە کردووە "رێکارەکان دژی ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران و ئەندامانی هەدەپە دەچنە خانەی ئەو پێشهاتانەوە کە گومان لەسەر سەروەریی یاسا لە تورکیادا دروستدەکەن".
یەکێتیی ئەوروپاش رایگەیاندووە "داخستنی دووەمین پارتی گەورەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا پێشێلکارییە لە مافی ملیۆنان دەنگدەر لە تورکیادا. ئەو هەنگاوە نیگەرانییەکانمان لەبارەی پاشەکشەی مافە بنچینەییەکان لە تورکیا زیاد دەکات و رەوایەتیی پابەندبوونی راگەیێندراوی بەرپرسانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە وڵاتەکەیاندا لاواز دەکات".
rudaw -
