لە دهۆک ژنێکی جادووگەر دەستگیرکرا

لە دهۆک ژنێکی جادووگەر دەستگیرکرا
پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، دوای ماوەیەکی زۆر لە گەڕان بەدوایدا توانیویانە جادووگەرێک دەستگیربکەن، کە ژنێکی تەمەن 49 ساڵە.

هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، دوای ماوەیەکی زۆر لە گەڕانیان بەدوای "کەسێکی فێڵباز و جادووگەر"، رۆژی پێنجشەممە 18ی ئادار ئەفسەر و پۆلیسی بنکەی مالتای توانییان تۆمەتبار دەستگیربکەن، کە ژنێکی 49 ساڵە.

بەپێی راگەیێندراوی گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک، توانراوە دەست بەسەر هەموو کەلوپەلەکانی "ئەو جادووگەرە"دا بگیرێت کە پێکهاتووە لە "نووشتە، قفڵ و کلیل، هەندێک رەمز نووسین لەسەر پارچە کاخەز و پەڕۆ و گەلێک کەلوپەلی دیکە"، کە بە گوتەی هێمن سلێمان لەڕێگەیەوە "فێڵێکی زۆری" لە هاونیشتمانیان کردووە.

هێمن سلێمان دەڵێت، تۆماری دەنگی و بەڵگە لەسەر "تاوانەکانی" ئەو تۆمەتبارە کۆکراوەتەوە و رەوانەی دادگە دەکرێت.

تۆمەتبارەکە لە گەڕەکی کێڤلا دەستبەسەرکراوە و بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراوە.
rudaw -
Top