باڵوێزى ژاپۆن میدالیاى زێرینى هەڵاتنى خۆرى پێشکەش بە جێگرى پێشووی سەرۆکى شارەوانى هەڵەبجە کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی٣ی٢٠٢١، سوزوکى کۆتارۆ، باڵوێزی ژاپۆن لە عێراق خەڵاتى میدالیاى زێرینى هەڵاتنى خۆرى پێشکەش بە خدر کریم، جێگرى پێشووی سەرۆکى شارەوانى هەڵەبجە کرد بۆ هەوڵ و ماندووبوونى لە بوارى ئاشتى کە لەلایەن خاوەن شکۆ ئیمپراتۆرى ژاپۆنەوە دەستنیشان کرابوو لە ٢٠٢٠.
خەڵاتى ناوبراو پێشکەش بە خدر کریم کرا و سوپاس و پێزانینى کرا لە برى هەوڵ و ماندووبوونى لە برەودان بە پەیوەندییە دۆستایەتى دوو لایەنەى نێوان ژاپۆن و هەرێمى کوردستانى عێراق و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان ژاپۆن و عێراق، بە تایبەتى لە نێوان شارى هەڵەبجە و شارەکانى هیرۆشیما و ناکازاکى ژاپۆنى لە بوارى ئاشتی دا.
لە میانەى مەراسیمى رێزلێنانەکەدا کە لە شارى هەولێر بەرێوەچوو، باڵوێز سوزوکى ئاماژەى بەوەدا، کە خدر کریم نەک تەنها لە بیرو هزرى خەڵکى هیرۆشیما و ناکازاکى دەمێنى، بەڵکو لە بیرو هزرى هەموو خەڵکى ژاپۆن دەمێنێتەوە وەکو باشترین هاورێمان لە عێراق، هەروەها گوتی: "هیواخوازم ئەم چالاکیی و پەیوەندییە دۆستایەتییە لەگەڵ خەڵکى هیرۆشیما و ناکازاکى ببێتە مایەى ئاشتى و سەقامگیرى بۆ هەموو جیهان".
باسنيوز
