سیاسەتوان دیندار نەجمان دۆسکی: ئەگەر دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندیی شیعە یەکلا ببێتەوە ئەوە بە ویستی خۆیان تەفسیر بۆ ماددەکانی دەستوور دەکەن

سیاسەتوان دیندار نەجمان دۆسکی: ئەگەر دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندیی شیعە یەکلا ببێتەوە ئەوە بە ویستی خۆیان تەفسیر بۆ ماددەکانی دەستوور دەکەن
سیاسەتوان دیندار نەجمان دۆسکی، ڕای دەگەیەنێت شیعەکان بە سروشتی خۆیان لە عێراقدا زۆرینەن، ئەگەر بەو شێوە بیر بکەنەوە، ئەوە دەسەڵاتی هەموو عێراق لەژێر هەژموونیی خۆیاندا دەبێت، بەڵام وا بڕیار بوو عێراقی دوای رژێمی سەدام لەسەر بنەمای تەوافق بێت، ئاماژە بەوەش دەکات بەبێ بوونی ڤیتۆ بۆ کورد لە یاساکەدا بۆ پرسەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەوە یاساکە دەبێتە درێژکراوەی هەمان ئەو بڕیارانەی کە دوای ڕیفراندۆم لە پەرلەمانی عێراق لەدژی هەرێمی کوردستان دران و ئەوکات دادگاکە لەبری چارەسەری کێشەکان بێت، خۆی دەبێت بە مەترسی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان.

سیاسەتوان، دیندار نەجمان دۆسکی، لەمبارەوە ڕایگەیاند: "ئەگەر دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندیی شیعە یەکلا ببێتەوە، ئەوە بە ویستی خۆیان تەفسیر بۆ ماددەکانی دەستوور دەکەن و ئەوەش مەترسی لەسەر پێکهاتەکانی دیکە دەبێت، بەتایبەتی کورد، چونکە هەروەکوو بینیمان پێشتر سوننەکانیش کاتێک دەبێتە دژایەتیی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە بڕیاری لایەنە شیعیەکان دەکەن".

ئەو سیاسەتوانە گوتیشی: "ئەو دادگایە دەسەڵاتی تەفسیرکردنی ماددەکانی دەستووری هەیە و بڕیارەکانی یەکلاکەرەوەن، دەکرێت هەر ماددەیەکی دەستوور بەو شێوە تەفسیر بکرێت کە بەرژەوەندیی پێکهاتەیەکی تێدا بێت، نەک بێلایەنی، بەڵام ئەگەر کورد تێیدا ڤیتۆی بۆ بڕیارەکان هەبێت و تەفسیرکردنی ماددەکان لەسەر بنەمای تەوافق بێت، ئەوە دادگاکە بۆ کورد کێشەی نابێت".

دیدار نەجمان دۆسکی، ئاماژەی بەوەش دا: "لە سیاسەتدا متمانە نابێت بکرێ و دەبێت بابەتەکان بە رێککەوتن یەکلا بکرێنەوە و گوتیشی "ئامانجی لایەنە شیعیەکان تێکدانی تەوافق و کۆنتڕۆڵکردنی جومگە ئەساسییەکانی دەوڵەتە، بەبێ بوونی ڤیتۆ بۆ کورد لە یاساکەدا بۆ پرسەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەوە یاساکە دەبێتە درێژکراوەی هەمان ئەو بڕیارانەیەی کە دوای ڕیفراندۆم لە پەرلەمانی عێراق لەدژی هەرێمی کوردستان دران".











باسنیوز


Top