وەزارەتی تەندروستی ئهو كار و پڕۆژانه دهخاته ڕوو كه بۆ هەڵەبجە ئهنجام دراون
ئهمڕۆ پێنجشهممه 18/3/2021، د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕايگەیاند: "بودجەیەک لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانهوه تەرخان کرا بۆ ناردنە دەرەوەی نەخۆش و بریندارانی بەرکەوتووی چەکی کیمیایی، بەڵام لەبەر دۆخی کۆڕۆنا دواخراوە".
ڕوونی کردەوە توانیویانە چارەسەری بۆ بەشێکی زۆر له بەرکەوتوان بکەن و نهخۆشخانەیەکیش بۆ بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بکەنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لە چەند پڕۆژە و کارێکی کابینەی نۆیەمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان کرد، کە بۆ هەڵەبجە کراوە "كردنەوەی باڵاخانهی ئهنجامدانی قەستەرە، دابینكردنی ئەمبوڵانسێك، كڕینی ئامێری پزیشكی بانكی خوێن، نەخۆشخانەی كۆرۆنا، دابینكردنی ئامێری هۆڵی لە دایكبوون بۆ نەخۆشخانەی بیارە، هێنانی پزیشكانی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی، فرە پسپۆڕیكردنی نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی، كردنەوەی هۆڵی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە و خورماڵ، دابینكردنی ئامێری پزیشكی بۆ هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەكانی هەڵەبجەی رێكخراوی نێودەڵەتی، دابینكردنی پاس بۆ هاتوچۆی رۆژانەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لە ناو شار، دابینكردنی ئامێری هەناسەدانی دەستكرد، دابینكردنی كارگەی ئۆكسجین و دروستكردنی تاقیگەی پی سی ئاڕ".
باسنيوز
