عەلی باباجان: داخستنی HDP بێڕێزییە بە گەلی توركیا
باباجان پێی وایە، پارتێكی سیاسی لە توركیا بتوانێت شەش ملیۆن دەنگ بهێنێت، کەچی هەوڵ بدرێت لەڕێگەی دادگاوە بەربەستی بۆ دروست بكەن و دای بخەن، ئەمە بێڕێزییە بەرامبەر بە هەموو گەلی توركیا و نابێت قبووڵ بكرێت.
باباجان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) لەبارەی هەوڵی داواكاری گشتیی توركیا بۆ داخستنی HDP نووسیویە: "وەرگرتنی ڕەوایی سیاسی، بە پاڵپشتی و هاوكاریی كۆمەڵگە دەبێت، پارتێكی وەكوو HDP شەش ملیۆن دەنگی هێناوە و دەتەوێت لەڕێگەی دادگاوە بەربەستی بۆ دروست بكەیت، ئەمە بێڕێزییە بەرانبەر بە گەلی توركیا. ئێمە دەكرێت برەو بە قسەكردن لەبارەی بیری جیاوە بدەین لەڕووی دیموكراتییە، بەڵام ئەگەر رێگەی سیاسەت دابخەن، واتە وڵات زیندانی دەكەیت".
جگە لە باباجان زۆربەی سەركردەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا، دژی داخستنی HDP هاتوونەتە دەنگ و پرۆتستۆی دەكەن.
ماوەیەکە پارتی دەسەڵاتداری تورکیا پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (MHP) دەیانەوێ لەڕێگەی پەرلەمان و بە پلان و لەڕێگەی دادگاوە هەدەپە دابخەن و بەرپرسانی باڵای هەدەپەش بە توندی بەرەنگاری ئەم هەوڵ بوونەتەوە و بە ستەم و زوڵمێکی گەورە و پێشێلکاریی یاسایی و دژی پڕەنسیپەکانی دیموکراسی لەقەڵەمی دەدەن.
باسنيوز
