پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی.. دەنگدان بە 7 لەسەر 9 یاخود 8 لەسەر 9؟
د. بەھار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ئەو بابەتانەی پەیوەندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە داوادەکەین دەنگدان لەسەری هەشت لەسەر نۆ بێت، بۆئەوەی بتوانین ھەر بڕیارێک لە بەرژەوەندیی کورد نەبێت بیوەستێنین".
رێبوار ھادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی "لایەنەکانی دیکەی عێراقی، بەتایبەت شیعە، تاوەکو ئێستا لەگەڵ دەنگدانە بە شێوازی حەوت لەسەر نۆ، بەڵام ئەوکات ژمارەی کورد ناتوانن بڕیاری دادگە بوەستێنن و مافی کورد پارێزراوبێت، ئەوە تاوەکو ئێستا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە، دوێنێ ھەموو ھەوڵی خۆیان دا کە بەبێ کورد یان بەتایبەتی بەبێ پارتی ئەو یاسایە تێپەڕێنن، چونکە ھەندێک لە کوردەکانیش رازی بوون، بەڵام نەیانتوانی تێیپەڕێنن و جارێکی دیکە دواخرا".
تەنیا ماددەی دوو کە تایبەتە بە پێکهاتەی دادگەی فیدراڵی و ماددەی 3 کە پەیوەستە بەوەی کێ مافی دیاریکردنی ئەندامانی دادگەکەی هەیە و کێ دایاندەمەزرێنێت، هەروەها مادەی 12ش کە تایبەتە بە میکانیزمی بڕیاردان بە چ شێوەیەک دادگەی فیدراڵی بڕیاردەدات، پەسند نەکراون.
لە کۆی 24 ماددە لە پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی، 21 ماددە دەنگیان لەسەر دراوە و سێ ماددەش کە بە بڕبڕەی پشتی پرۆژەیاساکە دادەنرێت، ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگرە لە تێپەڕاندنیان.
بەپێی ماددەی (94) لە دەستووری عێراق، بڕیاری دادگەی فیدراڵی یەکلاکەرەوەیە بۆ گشت دەسەڵاتەکان، لەنێویاندا دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بۆیە شیعەکان بە زۆرینە دەیانەوێت دەنگدانی ئەندامانی دادگەکە حەوت لەسەر نۆ بێت.
عەلا روبیعی، پەرلەمانتاری سائیروون دەڵێت "لەڕاستیدا ھەموو بۆچوونێکی کوتلە سیاسییەکان جێگەی رێزە، بەڵام دەنگدانی حەوت لەسەر نۆ بەسە و ھیچ زوڵمی تێدا نابینین کە بکەوێتە سەر لایەنێک، دەبێت متمانە ھەبێت لەنێوان ھەموو لایەنە سیاسییەکان، بۆئەوەی رێککەوتن ھەبێت، نەبوونی متمانە ھۆکارە لە رێکنەکەوتن و دروستبوونی ترس، ئەمەش وایکردووە کورد داوابکات دەنگدانی دادگەی فیدراڵی بەگشتی بێت".
دادگەی فیدراڵی پێکھاتووە لە نۆ ئەندام بە سەرۆک و جێگرەوە، پێشنیاز کراوە کە چوار شارەزای فیقھی و دووانیش لە شارەزایانی یاسایی زیادبکرێن، بەڵام دەسەڵاتەکانیان دیاریکراوبن.
rudaw -
