بایدن: كشاندنەوە ھێزەكانمان تا 1ی ئایار لە ئەفغانستان "ئەستەمە" و تاڵیبانیش ھەڕەشە دەكات

بایدن: كشاندنەوە ھێزەكانمان تا 1ی ئایار لە ئەفغانستان
سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن رایگەیاند، كشاندنەوەی گشت ھێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان تا 1ی مانگی ئایاری داھاتوو، وەك لە رێككەوتنی لەگەڵ تاڵیباندا ھاتووە، دەكرێت ئەنجامبدرێت، بەڵام "ئەستەمە".

ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی "ئەی بی سی"ی ئەمەریكایی، بایدن گوتی: "لەوانەیە بكرێت بەڵام ئەستەمە" و رەخنەشیگرت لەو رێككەوتنەی لە نێوان سەرۆكی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ و بزووتنەوەی تاڵیبان كراوە.

گوتیشی: "ئێمە خەریكی بڕیار دانین لە بارەی كشانەوەمان". روونیشیكردەوە راگەیاندنی ئەو وادەیە لەم نزیكانە دەبێت، دوای ئەوەی واشنتن راوێژ لەگەڵ ھاوپەیمانانی خۆی و حكومەتی ئەفغانی دەكات.

بایدن گوتی: "لە راستیدا ئەو رێكەوتنەی سەرۆكی پێشوو ئەنجامیداوە بەشێوەیەكی توكمە دانوستانی لەسەر نەكراوە". جەختیشكردەوە رادەستنەكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی ئاسایی لە نێوان ئیدارەی ترەمپ و ئیدارەكەی خۆی لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، رێگری لەو كرد "لە گەیشتن بەو زانیارییانە".

لە بەرامبەر ئەم قسانەی بایدن، ھەر زوو بزووتنەوەی تاڵیبان وەڵامی دایەوە و ھەڕەشەیكرد لە "دەرئەنجامی نەخوازراو" ئەگەری ئەمەریكا لە ھێزەكانی خۆی تا 1ی ئایاری داھاتوو نەكشێنێتەوە.

گوتەبێژ بەناوی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاھید، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "پێویستە لەسەر ئەمەریكاییەكانی كۆتایی بە داگیركردن بێنن بەپێی رێككەوتنی دەوحە و تەواوی ھێزەكانیان لە ئەفغانستان بكشێننەوە تا 1ی ئایاری داھاتوو".

گوتیشی:"ئەگەر ئەنجامی نەدەن دەبێت بەرپرسیارییەتی دەرئەنجامە نەخوازاراوەكانی بگرنە ئەستۆ".

ویلایەتە یەكگرتووەكان رێككەوتنێكی مێژوویی لە شوباتی 2020 لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان ئەنجامدا و بەپێی ئەو رێككەوتنە دەبێت تەواوی ھێزەكانی ئەمەریكا تا1ی ئایار بكشێنەوە بەرامبەر بە دڵنیایدانی ئەمنی و دەستپێكردنەوەی دانوستانە راستەوخۆكان لە نێوان تاڵیبان و حكومەتی كابوڵ، كە پێشتر وێنەی نەبووە.
k24 -
Top