ئەو نامانەی لە پشت ھێرشە مووشەكییەكەی سەر ھەولێرن چین؟
ژمارەیەك لە نووسەران باسیان لەو ئامانجانەی پشت ئەو ھێرشە و ئاماژە و لێكەوتەكانی لەسەر عێراق و ناوچەكەدا كرووە و پەیوەندی بە بەھەڵچوونی گرژی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان، دوای ئەوەی تاران رایگەیاند، 21ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ كشانەوەی لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئەگەر ئەمەریكا سزاكانی لەسەر ھەڵنەگرێت.
كۆمەڵەیەكی شیعی كە ناوی لە خۆ ناوە "سرايا أولياء الدم" بەرپرسیاریەتی خۆی لە ھێرشەكە راگەیاند.
"وەڵامی ستراتیجی"
عورەیب رەنتاوی، لە رۆژنامەی دەستووری ئوردنی گوتی: لەو ھێرشە مووشەكییەی سەر ھەولێر ھەندێك شت ھەن، كە لەگەڵ ھێرشەكانی پێشوو "رێكدەكەون و ھاوشێوەن" و ھەندێكیش ھەن، كە لە ھەموویان "جیاوازترن".شتی ھاوبەش لەنێوان ئەو ھێرشانە ئەوەیە، گشتیان كردەی یەك بكەر و لایەنن، ئەویش میلیشیاكانی حەشدی شەعبییە و ناسراون بەو جۆرە ھێرشانە و ئەوانەی لە پڕێكیشدا روودەدەن و دەكەوێتە چوارچێوەی "وەڵامی ستراتیجی" ئێران بۆ كوشتنی قاسم سولەیمانی.
ئێران لە لای خۆیەوە چوونه دهرهوهی ھێزەكانی ئەمەریكای لە عێراق بە نرخی سەری سولەیمانی داناوە. جیاوازیش ئەوەیە، ئەم جارە پایتەختی "ھەرێم"ی كردووەتە ئامانج، كە دەبێتە ھۆی قووڵكردنەوەی تەنگژە لەنێو ھەولێر و بەغدا بەفەرمی و ھەروەھا لەسەر ئاستی "پێكھاتەكانی عێراق".
گوتیشی: "زۆربەی جار ئێران خۆی لە بەرپرسی لەم جۆرە رووداوانە دەدزێتەوە لە رووی ئاراستەكردن و رێكخستنییەوە. ئەم جارەیان وەڵامی ئێران پڕ بوو لە سەركۆنەكردن و شەرمەزاركردن و رەتیكردەوە ھیچ جۆرە پەیوەندییەكی بەو كردەوەیە ھەبێت یان ئاگاداری پێناسەی ئەنجامدەرانی بێت. سەركۆنەكردن و رەتكردنەوە لە پێویستییەكانی "شەڕی بە وەكالەت"ە، ئەگەر نا بۆ بەم ناوە ناونراوە. تەنھا ژمارەیەكی كەم ئەم راگەیاندراوەی ئێرانیان بە جدی وەرگرت، بەڵام زۆربەی پایتەخت و دەزگاكان و چاودێران بڕوایان بە تاران نییە، كاتێك بەرپرسیارییەتی خۆی لە شتێك رەتدەكاتەوە و شەرمەزاری دەكات".
رەنتاوی بەردەوام بوو و گوتی: ئەمڕۆ لە ھەولێر، زیاتر لە ھەر كاتێكی پێشوو، ئەو درۆیە دەڕوخێنێت، كە دەڵێت "حەشدی شەعبی دەزگایەكی ئەمنی - سەربازی فەرمییی سەر بە فەرمانداری گشتی چەكدارانی عێراقە، كە سەرۆكی حكومەتە. ئەوان سەر بە دەزگاكانی دەوڵەت نین، ئەوان بنكەی سەربازین بۆ ئەو ھێزانەی "دەسەڵات" رادەپەڕێنن لە نێو و لە دەرەوەی دەزگاكاندا و زۆربەی كاتیش لەسەر ئەو بنكەیەی بە تەواوی سەر بە مەرجەعە ئەمنی و ئایینین لە تاران".
رۆژنامەی "راي الیوم" ئەلیكترۆنی لە سەرگوتاریدا، دەڵێت: "ئەو ھێرشە مووشەكیەی، كە ھەندێكیان ئاراستەی بنكەی سەربازی ئەمەریكا كران لە فڕۆكەخانەی ھەولێر بەھیچ شێوەیەك جیا ناكرێنەوە لە "ھەڵچوونی حاڵەتی گرژی لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێراندا، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ئێران دەستنیشانی كردووە لە 21 شوبات بۆ ئەوەی بەتەواوی كشانەوەی لە رێككەوتنی ئەتۆمی و بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و راگرتنی ھاوكاری لەگەڵ پشكێنەرانی نێودەوڵەتی ئەگەر ئەو سزایانەی سەپێنراونەتە سەری بە تەواوی و دەستبەجێ ھەڵنەگیرێن".
بەپێی رۆژنامەكە ئامانج لە ھێرشەكە ئاراستەكردنی چەند نامەیەكە، یەكێك لەوانە "كوردستانی عێراق دەوڵەتێكی سەربەخۆ نییە.. و ھەڕەشەكردنی ئەمەریكا بە گواستنەوەی باڵیۆزخانە وڵاتەكەی لە بەغداوە بەرەو ھەولێر، لەحاڵەتی بەردەوامبوونی بە ئامانجكردنی بە مووشەك، ھیچ بەھایەكی نییە."
نامەی دووەم، بەپێی رۆژنامەكە، بە ئامانجكردنی بنكەی ئەمەریكایە "كە لەوانەیە تەنھا "راھێنانێك"ی بچووك بێت بۆ ئەوەی رهنگه لە بنكەكانی دیكەی ئەمەریكا لە عێراق و پایتەختەكانی دیكەی كەنداو، وەك ریاز، دەوحە، مەنامە، ئەبوو زەبی و كوێت رووبدات، لە حاڵەتی روودانی ھەر ھێرشێكی ئەمەریكایی ئیسرائیلی بۆ سەر دەزگاكانی ناووكی ئێران".
رۆژنامەكە ئەو ھێرشە بە زیادبوونی ھێرشەكانی حوسییەكان دەبەستێتەوە لە یەمەن بۆ سەر فڕۆكەخانەی "ئەبھا"ی نێودەوڵەتی و بنكەی "خەمیس مشیت"ی ئاسمانی سعوودییە و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی بۆمبكراو بەستووەتەوە و دەڵێت: "بڕوا ناكەین ئەم ھاوكاتییە رێكەوت بێت".
"ریسواكردنی حكومەت"
لە ژێر ناوی "بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بە مووشەكەكان" عەلی حوسێن سەرنووسەر رۆژنامەی "المدی"ی عێراق خەفەتی خۆی بە گاڵتەكردن بە رەوشی عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت: "ئەوەی لەم وڵاتەدا روودەدات، حاڵەتی خەفەت و گاڵتەجاڕی زیاد دەكات، وەك چۆن كۆرۆنا مردن لە نێو عێراقییەكان زیاد دەكات، لە وڵاتی سەیر و سەمەرەدا، دیمەنەكان وادیاردەكەون زۆر ھاودژن و چووەتە قوڵایی گاڵتەجاڕییەوە؛ ھەندێك لایەنی چەكدار سوورن لەسەر ئەوەی مافی خۆیانە بەردەوام بن لەسەر یاری مووشەك ھاوێشتن و شارەكان بە تەواوی بتۆقێنن، كەچی ھاووڵاتیان بەدوای چارەسەیدا دەگەڕێن بۆ دوورخستنەوەی شەڕی پەتای كۆرۆنا، بەڵام دەوڵەت بە تەنیایی پاڵی دەنێت بەرەوە تونێلی مەرگ، كە كەس كۆتاییەكە نازانێت چییە".
دەشڵێت: "ئەوان دەڵێن ئەو مووشەكانه بۆ دەرخستنی ئەمەریكایە، بزانە ئەوان درۆ دەكەن، ئایا پێشتر ئەوان بە ئێمەیان نەگوت ئەمەریكاییەكان رۆیشتن، ئایا ھەموو ساڵێك داوامان لێناكەن بەبۆنەی سەروەری ئاھەنگ بگێڕین.. مووشەكەكان بۆیە دەھاوێژرێن چونكە ھێشتا ھەندێك تێر نەبوونە لە خوێنی عێراقییەكان. ئەمەریكا لێرە ئەو دارەیە، كە ئامانجی گرنگتر لە پشتەوەی حەشار دەدرێت، ئەویش لەناوبردنی خەونی درووستكردنی دەوڵەتی ھاووڵاتیبوون و سەقامگیری و گەشەسەندووە".
سامان سۆرانی لە پێگەی "شەفەق نیوز"ی عێراق پرسیار دەكات لە مەڕ ئەو نامانەی لە پشت ئەو ھێرشانەن و دەڵێت: ئامانج.. ریسواكردنی حكومەتی عێراقە و ناردنی نامەیەكی سیاسی بیانییە بە مووشەكی ترسنۆكانەی بەكرێگرتەیی و گواستنەوەی پشێوی و تیرۆرە بۆ شارە ئارامەكانی ھەرێمی كوردستان و زیان گەیاندنە بە ھاووڵاتییان و خەڵكی سیڤیل و ھەوڵێكی نەزۆكیشە بۆ تێكدانی ئارامی و سەقامگیری شارەكە، بۆ چەسپاندنی بێدەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی عێراق لە یەكلایكردنەوەی دۆسیەی چەكی دەرەوەی یاسا، لەسەر بنەمای ئەوەی ئەو میلیشیایانەن، كە حوكم لە دیمەنی ئەمنی عێراقی و كوردستانی دەكەن، بەشێوەیەك كە كەس لە مووشەكەكانیان ناپارێزرێت".
دەشڵێت: "سرايا أولياء الدم" لێكەوتەیەكی سرووشتییە لە ئەنجامی ئەو لاوازی و شكستەی دووچاری سیستەمی سیاسی فەرمی بووەتەوە لە عێراق، ئەمە جگە لە گەندەڵی ئیداری، ئابووری، ئەمنی، رۆشنبیری، سیاسی و لاوازی چاودێری، ئەم چەكەی لە دەرەوەی یاسایە لە لایەن كۆمەڵێك حزب و رەوت بهكاردههێنرێت، كە بڕوایان بەدەستوور نییە، لە نێوانیشیاندا كەسانی دەرچوو لە یاسا ھەن، كە پارە و چەك و پیاو و ھێز و توانای ھەیە و كاردەكات لە پێناو جێبەجێكردنی بەرژەوەندی و ئەجێندای بیانی. ئامانج لە چالاكییەكانیان داخوراندانی ئێسكی دەوڵەتە لە ناوەوە بۆ ئەوەی چەكی ئەوان باڵا بێت و پەلاماری جەستەی راستەقینەی بدەن و به تەواوی بۆ خۆیان ببەن".
سەرچاوە: "بی بی سی"
k24 -
