عەلی: شۆڕشی ئیسلامی توانی ئێران بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی پێشکەوتوو
دوای شۆڕشی ئیسلامی چەند وڵاتێک 8 ساڵ بەناوی سەدام دژی ئێران جەنگان و نەیانتوانی هیچ شتێک بەدەستبهێنن
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەپەیامێکدا کە لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر بڵاویکردوەتەوە ئاماژەی بەوەکردوە، لەکاتی جەنگی جیهانی دوەمدا ئێران بەرامبەر هێرشەکانی بریتانیا و وڵاتانی دیکە نەیتوانیوە ماوەی چەند کاتژمێرێک خۆراگریی بکات، بەڵام دوای شۆڕشی ئیسلامی "ئەمریکا، یەکێتی سۆڤیەت، فرەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا..هتد، 8 ساڵ بەناوی سەدام دژی ئێران جەنگان و نەیانتوانی هیچ شتێک بەدەستبهێنن".
شۆڕشی ئیسلامی توانی ئێران بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی پێشکەوتو و رێزلێگیراو
ئاماژەی بەوەشکردوە، "شۆڕشی ئیسلامی توانی ئێران لەوڵاتێکی دواکەوتوە لەسەر ئاستی جیهان و شوێنکەوتوی وڵاتانی زلهێزەوە بگۆڕێت بۆ یەکێک لە 10 دەوڵەتە پێشکەوتوەکانی جیهان لەبواری زانستی، هەروەها ئێرانی کرد بەوڵاتێکی سەربەخۆ و رێزلێگیراو".
لێدوانەکەی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاتێکدایە ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی هەوڵدانی ئەو وڵاتە بۆ بون بەخاوەن چەکی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم، لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهانەوە ئابڵوقەیەکی سەختی ئابوری خراوەتەسەر ئێران، بەوهۆیەش توانای حکومەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان، بانکەکان و وڵاتانی جیهان سنورداربوە و بەقۆناغێکی سەختی ئابوریدا تێپەڕدەبێت.
خەندان
