ئەمڕۆ 68مین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستانە

ئەمڕۆ 68مین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستانە
68 ساڵ پێش و پارتی دیموکراتی کوردتان بە پێشنیاری بارزانیی نەمر یەکێتی قوتابیانی كوردستان لە كۆنگرەی 3ی پارتی بڕیاری دامەزراندنی دراوە و وەکوو یەکەم ڕێکخراوی پیشەیی لە مێژووی خەباتی میللی دیموکراتیکی کوردستاندا دەوری بەرچاوی هەبووە.

لە هەمان ساڵدا ڕێکخراوی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانیش دامەزراوە، ئەو دوو ڕێکخراوە لە مێژووی تێکۆشانیاندا وەک دوو ڕێکخراوی کاریگەری ناو بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد ئەژمار دەکرێن و ڕۆڵێکی کاریگەرییان لە خەباتی کوردستاندا گێڕاوە و لە ڕێکخستنی لاوانی کورددا و بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا دەوری بەرچاوین هەبووە.

ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان هەتا ئێستا ١٤ کۆنگرەی بەستووە و لە دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ ئەرکی ئەم دوو ڕێکخراو قورس بووە و لە کاتی ئاوارەیی و دەربەدەری و قۆناغە سەختەکانی خەباتدا ڕۆڵی کارایان گیڕاوە.

لە کاتی نزیکبوونەوەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش، یەکێتیی قوتابیان لە دەڤەری زاخۆ ڕێکخراوی "شیرین"یان دامەزراند و لە پارێزگای هەولێریش ڕێکخراوی خەباتیان دامەزراند.

لە ٢٦ی گوڵانی ساڵی ١٩٧٦ کاتێک مژدەی درێژەپێدانی شۆڕش ڕاگەیەندراو، لقی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە چڕی دەستیان بە چالاکی کردەوە و لە کاتی ئاوارەییدا لە شاری کەرەجی نزیکی تاران جارێکی تر یەکێتیی قوتابیان دەست بەکار بووەوە.

لە دوای ساڵی ١٩٧٩ هەلێکی نوێ بۆ هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕەخسا و لە ٢٣ی ئازاری هەمان ساڵ کۆنفرانسی خۆیان لە شاری کەرەج بەست هەرچەند ئەو دوو ڕێکخراوە بە هۆکاری سیاسی لێک دابڕاون، بەڵام بە درێژایی مێژوو هیچکامیان لە خەبات و بزاڤی نەتەوەیی کورد دانەبڕاون و لەناو توێژی قوتابیان و لەناو زانکۆ و خوێندنگەکانی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش لە ڕێکخستنی لاوانی کورددا دەوری کارایان گێڕاوە.

پاش ساڵی ١٩٩١ و دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم دوو ڕێکخراوە لەناو لاوان و قوتابیانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی جدی و کارا کاریان کردووە و گەلێک لاوی بەئەزموون و کاریگەر و سیاسەتەمداری بەرچاو لەناو ئەو دوو ڕێکخراوە و پێ گەیشتوون و خزمەتی دۆزی ڕەوای کوردیان کردووە.






باسنيوز
Top