وەزیری تەندروستی: ئەگەر و گومانی زنجیرەی نوێی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان هەیە

وەزیری تەندروستی: ئەگەر و گومانی زنجیرەی نوێی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان هەیە
وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێ کە ئەگەر و گومانی زنجیرەی نوێی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان هەیە دەشڵێ نزیکترین بڕیار و ڕێککار کۆنتڕۆڵکردنی ئەو لێشاوە زۆرەی گەشتیارانە کە لە پارێزگاکانی تری عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان.

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ژمارەی توشبووانی کۆڕۆنا لە پارێزگاکانی عێراق لە هەڵکشانی بەردەوامە و دۆخی تەندروستی لە هەرێمی کوردستانیش بەرەو خراپی دەڕوات، تا ڕادەیەک ئاماری تووشبووان لە هەڵکشانە".

گوتیشی: "نیگەرانین لەو بێباکییەی لەنێو هاووڵاتیان هەیە سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە خۆپارێزی زۆر لاوازە".

وەزیری تەندروستی دەشڵێ: "خۆپارێزی کەسی کە گرنگترین ڕێککارە و لە ڕێککارە گشتییەکان کاریگەرترە ئەویش تەنیا بە خودی هاووڵاتی خۆی دەکرێت".

د. سامان بەرزنجی راشیگەیاند: "ئەگەر و گومانی زنجیرەی نوێی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئێستا پێشینەی کارەکانمان توندکردنەوەی ڕێککارەکانی خۆپارێزی گشتییە، بەڵام دیسان بێ خۆپارێزی تاکە کەسی سوودی نابێت".

جەختیشیکردەوە: "دەبێت هاووڵاتیان باشتر جددیەتی ئەو نەخۆشیە بزانن، هەروەک چۆن ساڵی پار هۆکاری گیان لەدەستدانی کەسوکارەکانمان بوو، نزیکترین بڕیار و ڕێککار کۆنتڕۆڵکردنی ئەو لێشاوە زۆرەی گەشتیارانە کە لە پارێزگاکانی تری عێراق کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن".








باسنيوز
Top