ئەوانەی هەوڵی پەردەپۆشكردنی كوشتنی ئامانج بابانییان دەدا كەمپین بۆ تاوانباران ڕێك دەخەن

ئەوانەی هەوڵی پەردەپۆشكردنی كوشتنی ئامانج بابانییان دەدا كەمپین بۆ تاوانباران ڕێك دەخەن
پارێزەرێك ئاشكرای دەكات، ئەو بەناو رۆژنامەنووس و چالاكوانانەی كە لە كاتی كوشتنی ڕۆژنامەنووس ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و منداڵەكەیان هەوڵی پەردەپۆشكردنی تاوانەكەیان دەدا، ئێستا كەمپین دژی سزادانی چەند تاوانبارێك ڕێك دەخەن.

ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٩ە و لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان یادی ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی لاهوور جەنگی و براكانی و گرووپەكەیان دەكردەوە كە بووە هۆی لەدەستدانی كەركووك، هەواڵی كوژرانی ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و منداڵەكەیان لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیاندا بڵاو كرایەوە. لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا، پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی چەندان زانیاریی دژ بە یەك و ناڕاستیان بڵاو كردەوە و پاشان بەبێ هیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە، ئامانج بابانییان بە بكوژی خۆی و ژن و منداڵەكەی لە قەڵەم دا و دۆسیەكەش بە پاساوی لە ژیان نەمانی تۆمەتبار داخرا.

لەمبارەیەوە شاباز سیوەیلی، پارێزە و شرۆڤەکاری سیاسی لە سلێمانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە کوردستاندا لە زۆربەی بابەتەکان میدیا و دەزگا راگەیاندنەکان و بەشێک لە بەناو رۆژنامەنووسان ئەو كەیسانەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دادەنێن، دەکەنە بابەتێکی سیاسی یاخود هەوڵی رێگری لە بڕیاری دادگا دەکەن.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئەوانەی ئێستا كەمپین دژی سزادانی چەند كەسێك كە تۆمەتبارن بە سیخوڕی و كاری تێكدەرانە ڕێك دەخەن، هەمان ئەوانە بوون كە لە كاتی كوشتنی ئامانج بابانی و خانەوادەكەی نەك هەر بێدەنگ نەبوون، بگرە هەوڵی پەردەپۆشكردنی تاوانەكەیان دەدا.

بۆیە پرسیاری كرد: ”ئایا کوشتنی رۆژنامەنوسان خراپترە یان دادگاییكردنی چەند كەسێكی تاوانبار كە لە ژێر ناوی ڕۆژنامەنووسیدا كاری سیخوڕییان كردوە؟”.

لە رۆژی ٦ی شوباتی ٢٠٢٠، جەبار ئەحمەد شەریف، بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئاشكرای كرد، "دوای بەدواداچوونێکی تەواو بۆ بەڵگە ماددییەکان و پشکنینەکان، هەستمانکرد کە حەوت قەوانی فیشەک لە جۆری نمرە نۆ لە کاتی رووداوەکە هەڵگیراوەتەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کە لێدوانیانداوە کە گوللەکان لە یەک دەمانچە تەقیون کە دەگەڕێتەوە بۆ کەسی کوژراو ئامانج بابانی، ئێمە لە تاقیگەی بەڵگەکانی سلێمانی پشکنینمان بۆ ئەم حەوت قەوانە کرد و بۆمان دەرکەوت سێ لەو قەوانانە بەڵی بە دڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەمانچەیەی کە دەستیبەسەردا گیراوە كە دەگوترێت دەمانچەی ئامانج بابانی بووە، بەڵام چوار لە قەوانەکان بە دەمانچەیەکی دیکە تەقێنراوە کە ئەم دەمانچەیە دەستی بەسەردا نەگیراوە و دیارنییە".

ئەوەشی ڕوون كردەوە: ”دواتر گومانێک دروستبوو، داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی کرد روونکردنەوەی تەواومان لەسەر ئەو بابەتە پێ بدەن، دوای سەردانی دووەممان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی پێیان راگەیاندین کە چوار قەوانی دیکە لە لایەن تیمی بەڵگەی تاوانی ئاسایشەوە لە سلێمانی لە کاتی رووداوەکە هەڵگیراوەتەوە، ئەمەش گومانێکی زۆری دروستکرد و کۆی گشتیی قەوانەکان بوون بە 11 قەوان. حەوتی لەو دەمانچەیە تەقێندراوە كە دەگوترێ هی ئامانج بابانییە وەک لە راپۆرتەکەی پۆلیسی سلێمانی پێشکەش بە دادگای سلێمانی کراوە، بەڵام چوار قەوان چارەنووسی دیارنەبووە، لەبەرئەوە گومان دروستبوو".

پێشتر چەندان جار محەمەد نووری، باوکی ئامانج بابانی، رای گەیاندووە كە كوڕەكەی بكوژی ژن و منداڵەكەی نییە و هەرگیز كارێكی لەم شێوەیە ناكات. بەردەوامیش داوای دادگاییكردنێكی بێلایەنی بۆ دۆسیەی كوڕەكەی كردووە.

بەپێی زانیارییەكانی ئەو كەسەی كەیسەكەی ئامانج بابانی بە زۆر بە دادگا داخستووە، پۆڵاد جەنگیی برای لاهوور جەنگییە كە پێشتریش بە چەند شێوەیەك پەنجەی تۆمەتی ئەم ڕووداوەی ئاراستە كراوە، بەڵام نە كەمپین لە دژی رێكخرا، نە ئەو كەمپینچییانەی ئێستاش هیچیان لەبارەی كەیسەكەوە گوت!
basnews -
Top