کەشناسیی سلێمانی لەبارەی 'با'یە بەهێزەکەوە: پێشتر پێشبینیمان کردبوو

کەشناسیی سلێمانی لەبارەی 'با'یە بەهێزەکەوە: پێشتر پێشبینیمان کردبوو
لە کاژێر 09:30 خولەکی شەوی سێشەممەوە تاوەکو کاژێر 04:00ی بەرەبەیانی چوارشەممە بایەکی بەهێز کە لە دەریای ناوەڕاستەوە هەڵیکردبوو، زۆرینەی شارەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە. خێرایی با لەنێوان 40 تاوەکو 60 کیلۆمەتر بووە لە کاژێرێکدا.

لە بەرەبەیانییەکی زووەوە تیمەکانی بەرگریی شارستانی چوونەتە ئەو شوێنانەی با زیانی پێگەیاندوون و تێکیداون.

رێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی راگەیاند "لە شەوی رابردووەوە بایەکی بەهێز هەبووە لە سلێمانی و زیانێکی زۆری گەیاندووە بە دار و درەختەکان. لە گەڕەکی راپەڕین یەکێک لە دارەکان کەوتووە بەسەر هێڵەکانی ستوونی کارەبادا و دوو گەڕەکی بێ کارەبا کردوون، تیمەکانی ئێمەش لەگەڵ تیمەکانی کارەبا سەرقاڵی چاککردنەوەی هێڵەکان و پاککردنەوەی رێگاکانین".

گەڕەکی بەختیاری لە ناوەندی سلێمانی، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، چینکۆی سەر سەقفی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی لە سەروو شەش نهۆمەوە کەتووەتە سەر شەقامەکە و زیانێکی زۆری بەر دووکانەکانی نزیک لە شەقامەکە گەیاندووە، سێ ئۆتۆمبێلیش لەسەر شەقامەکان زیانی زۆریان بەرکەوتوون.

هاونیشتمانییەک بەناوی ئالان محەممەد کە خاوەنی یەکێکە لەو دووکانانەی زیانیان بەرکەوتووە، گوت "زیاتر لە پێنج دووکان لەو گوزەرە زیانمان پێگەیشتووە و هەر کەسێکمان شوێنێکی دووکانەکانمان زیانی بەرکەوتووە و خۆم زیاتر لە هەزار دۆلار زیانم بەرکەوتووە".

هێڵەکانی کارەبا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەگوێرەی داتاکانی کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی لە کۆی 600 فیدەری کارەبای سنووری پارێزگای سلێمانی 304 فیدەر زیانیان بەرکەوتووە، کە 10 لاینی 132 کەی ڤی و 15 لاینی 33 کەی کەی ڤی گواستنەوەی وزەی کارەبا و 279 لاینی 11 کەی ڤین لە دەرەوە و ناوەوەی شار، زیاتر لە 15 گەڕەکیش بێ کارەبا بوون، تیمەکانی کارەباش سەرقاڵی چاککردنەوەی هێڵەکانن.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەریمی کوردستان، بەهێزیی با تاوەکو کۆتایی هەفتە لەنێوان 15 بۆ 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بەردەوام دەبێت.

ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی باسی لەوە کرد "بەپێی زانست، کاتێک رەشەبا دروستدەبێت کە با لە ناوچەیەکی بارستە بای نزمەوە بەرەو ناوچەیەکی بارستە هەوای نزم دەچێت، هەروەها پلەی گەرمی کاریگەریی زۆری لەسەر دروستبوونی رەشەبا هەیە و ئەم شەپۆلەشیان تایبەت لە دەریای ناوەڕاستەوە هاتووە و تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت، پێشتریش پێشبینیی روودانی بایەکی لەو شێوەیەمان کردبوو".

ئەم شەپۆلە بەرزە پەستانەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و بارانیش روو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە بایەکی مامناوەندیشی لەگەڵ دەبێت.
rudaw -
Top