کەركووك.. 23 بەرپرس بە تۆمەتی گەندەڵی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرکرا

کەركووك.. 23 بەرپرس بە تۆمەتی گەندەڵی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرکرا
لەسەر سكاڵای نووسینگەی كەركووكی دەستەی دەستپاكیی عێراق، فەرمانی دەستگیركردن بۆ 23 بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی كەركووك دەرکراوە

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی دەستەی دەستپاكیی عێراق كە ئەمڕۆ چوارشەممە 17/2/2021 بڵاوی كردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی نووسینگەی كەركووكی دەستەی دەستپاكیی عێراق لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی كەركووك دۆسیەیەكی گەندەڵییان لە لیژنەكانی كڕین ئاشكرا كردووە كە ئەو لیژنانە کەلوپەلی جۆراوجۆریان كڕیوە و دەستكاریی نرخەكانیان كراوە".

ئەوەش خراوەتە ڕوو: "لەسەر بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، بەپێی مادەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 23 كەسی ناو پەروەردەی كەركووك دەركراوە كە یەكێكیان بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی پەروەردەی كەركووكە و ئەو كەسانەی تریش بەرپرس و ئەندامانی لیژنەی كڕینن و تا ئێستا سێ كەسیان دەستگیر كراون".

لەسەر زۆریی دۆسییەكانی گەندەڵی لە كەركووك، جەمال مەولوود، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە غیابی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە كە ئێستا هەڵوەشاوەتەوە و هیچ چاودێرییەك بەسەر حكوومەتی خۆجێی كەركووكەوە نییە، بۆیە گەندەڵی ئیداریی لە كەركووك زۆر بووە و ئەوەی كە دەكرێت لە سایەی راكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكە.









باسنیوز



Top