ئەنجوومەنی دادوەری: هەندێك لایەنی سیاسی دەستێوەردان لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری دەكەن

ئەنجوومەنی دادوەری: هەندێك لایەنی سیاسی دەستێوەردان لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری دەكەن
ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ئاشكرای كرد كە هەندێك لایەنی سیاسی و دامودەزگای فەرمی دەستێوەردان لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری دەكەن كە ئەمە ڕێگەپێدراو نییە.

بە گوێرەی ڕوونكردنەوەیەكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان ، دوێنێ 16/2/2021، داوای ژماره‌ (47/ج 2 / 2021) كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بینینی كه‌یسی چه‌ند تۆمه‌تبارێك، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكی یه‌ده‌گی دادگای تاوانی هه‌ولێر/2 به‌ڕێوه‌چوو، به‌ پێی یاساش سه‌رۆكی یه‌ده‌گ له‌ كاتی نه‌بوونی سه‌رۆكی دادگا، شوێنی ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ سه‌رۆكی دادگا به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستییه‌وه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرێت و ئه‌و كه‌یسه‌ هه‌ر له‌ دادگای تاوانی هه‌ولێر / 2 به‌ڕێوه‌ چووه‌ و ره‌وانه‌ی دادگایه‌كی دیكه‌ نه‌كراوه‌.

جەختیش لەوە كراوەتەوە كە ”پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و شه‌فاف و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتاران و نوێنه‌ری كونسوڵی وڵاتان و پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چووه‌ و پرۆسه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دادگه‌ری بووه‌“.

ئەنجوومەنی دادوەری سەرسوڕمانی لەوە دەربڕیوە كە له‌ دوێنێوه‌ هه‌ندێ داموده‌زگای فه‌رمی و یاسایی و لایه‌نی سیاسی لێدوانی جیاجیایان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دادگاییكردن و بڕیاره‌كه‌ داوه‌ ”كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، چونكه‌ دادگا نوێنه‌رایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش بڕوای به‌ بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌یه‌ و نه‌ده‌بوو ئه‌و لایه‌نه‌ فه‌رمییانه‌ پێشێلی بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بكه‌ن“.

ئەوەش دووپات كراوەتەوە كە رێكاری یاسایی هه‌یه‌ بۆ تانه‌لێدان له‌و بڕیاره‌ و بێگومان پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ تانه‌ پێشكه‌ش به‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ”ئیتر پێویست به‌و هه‌موو لێدوان و ده‌ستێوه‌ردانه‌ له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری نه‌ده‌كرد“.



ئەمەش دەقی ڕوونكردنەوەكەیە:



روونكردنه‌وه‌یه‌ك له ب.راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌



دوێنێ رێكه‌وتی 16/2/2021 داوای ژماره‌ (47/ج 2 / 2021) كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بینینی كه‌یسی چه‌ند تۆمه‌تبارێك، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی یه‌ده‌گی دادگای تاوانی هه‌ولێر/2 به‌ڕێوه‌چوو. به‌ پێی یاساش سه‌رۆكی یه‌ده‌گ له‌ كاتی نه‌بوونی سه‌رۆكی دادگا، شوێنی ده‌گرێته‌وه‌ چونكه‌ سه‌رۆكی دادگا به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستیه‌وه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرێت و ئه‌و كه‌یسه‌ هه‌ر له‌ دادگای تاوانی هه‌ولێر / 2 به‌ڕێوه‌ چووه‌ و ره‌وانه‌ی دادگایه‌كی دیكه‌ نه‌كراوه‌.

هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و شه‌فاف و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتارانی به‌ڕیز و نوێنه‌ری كۆنسولی وڵاتان و پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چووه‌ و پرۆسه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دادگه‌ری بووه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌یره‌ له‌ دوێنێوه‌ هه‌ندێ داموده‌زگای فه‌رمی و یاسایی ولایه‌نی سیاسی لێدوانی جیاجیایان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دادگاییكردن و بڕیاره‌كه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، چونكه‌ دادگا نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش بڕوای به‌ بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌یه‌ و نه‌ده‌بوو ئه‌و لایه‌نه‌ فه‌رمیانه‌ پێشێلی بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بكه‌ن.

هه‌روه‌ها رێكاری یاساییش هه‌یه‌ بۆ تانه‌ لێدان له‌و بڕیاره‌و بێگومان پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ تانه‌ پیشكه‌ش به‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئیتر پێویست به‌و هه‌موو لێدوان و ده‌ستێوه‌ردانه‌ له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری نه‌ده‌كرد.

هیوادارین ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ نه‌درێن تاوه‌كو بڕیاری كۆتایی له‌لایه‌ن دادگای تایبه‌تمه‌ند كه‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ ده‌رده‌چێت و دادگای پێداچونه‌وه‌ش بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌دات به‌ پێی یاسا.



ب. راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان

17/2/2021






باسنیوز
Top