نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا: سەردانی پاپا هەڵنەوەشاوەتەوە
رێزان حەمەساڵح ئاغا، نوێنەری حکومەتى هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەردانی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان هەڵنەوەشاوەتەوە، لەوبارەیەوە بە فەرمی هیچ شتێکمان پێنەگەیشتووە".
نوێنەری حکومەتى هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا باسی لەوەش کرد "دوێنێ ئێوارە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان بووم، بابەتی سەردانی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان بە بابەتێکی گەرمی گفتوگۆکانمان بووە، باس لە هەڵوەشانەوە یان دواخستنی سەردانەکە لەئارادا نەبووە".
رێزان حەمەساڵح ئەوەشی خستەڕوو "دوای هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، هەندێک لە رۆژنامە ناوخۆییەکانی ئیتاڵیا وەکو شرۆڤە باس لە هەڵوەشانەوەی سەردانەکەی پاپا دەکەن، بەڵام بە فەرمی ئاگادارنەکراوینەتەوە کە سەردانەکەی پاپا هەڵوەشابووبێتەوە".
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژنامەی ئیلمەسج جیرۆی بە نموونە هێنایەوە، کە ژمارەیەکی زۆر خوێنەری لە ئیتاڵیا هەیە، رۆژنامەکە وەکو شرۆڤە باس لە ئەگەری هەڵوەشانەوە یان دواخستنی وادەی سەردانەکەی پاپا دەکات، کە بابەتی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بابەتی ئەمنیی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێری وەکو هۆکار نیشانداوە.
بڕیارە پاپای ڤاتیکان مانگی ئادار سەردانی عێراق بکات، رۆژی یەکشەممە 7ی ئاداری 2021 سەردانی هەرێمی كوردستان بکات و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
چەند ساڵێکە باس لە سەردانی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و پێشهاتەکان لە رابردوودا سەردانەکە دواخراوە، چاوەڕواندەکرێت سەردانەکەی بۆ بەسەرکردنەوەی دۆخی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا و ناوچەکە بێت.
rudaw -
