بریندارێکی هێرشەکانی هەولێر خەڵکی کۆبانێیە
فەیسەل محەممەد، کەسوکاری مستەفایە و دەڵێت: "ئێمە پەنابەری رۆژئاواین و بۆ کار لێرەین. دۆخی خراپە و نەشتەرگەریی بۆ کراو ەو پێویستی بە دوو نەشتەرگەریی دیکەیە."
نزیکەی دوو کاژێر لە ژێر نەشتەرگەریدا بوو. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر باسی دۆخی سێ بیرندارەکەی هەولێر دەکات.
دکتور رەوەند موشیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر راگەیاند: "سێ بریندارەمان هەیە. یەکێکیان دۆخی تەندروستیی جێگیر بوو و ناردمانەوە ماڵەوە. یەکێکی دیکەیان نەشتەرگەریی مێشکان بۆ کرد و دۆخی ناجێگیرە و ناردوومانە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات و لەژێر چاودێریی چڕدایە. ئەمە سێیەمیش کە چەند خولەک لەمەوبەر نەشتەرگەریمان بۆ کردووە و ساچمەیەکی زۆر لە ران و حەوزیدایە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە، بەڵام پێویستی بە مانەوەی زیاترە لە نەخۆشخانە."
بەپێی دوایین زانیارییەکان گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە تویتێکدا رایگەیاند، شەوی دوشەممە 15ی شوبات14 مووشەک ئاراستەی هەولێر کراون و بەو هۆیەوە بەڵێندەرێکی مەدەنی کوژراوە و هەشت بەڵێندەری مەدەنیی دیکە لەگەڵ سەربازێکی ئەمریکیدا بریندار بوون. لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێریش دوو کەس بریندار بوون. لە گەڕەکی نازنازیش کەسێک بریندار بووە.
لەسەر دۆخ و ناسنامەی بریندارە بیانییەکان تاوەکو ئێستا هاوپەیمانان هیچ زانیارییەکان بڵاو نەکردووەتەوە. دژەتیرۆری کوردستان وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەیان بڵاو کردووتەوە کە موشەکەکانی لێوە ئاراستە کراون کە بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلەکە جۆری کیایە و لەسەر رێگەی هەولێر-گوێر بووە.
گروپی سەرایای ئەولیای دەم بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی گرتووەتە ئەستۆ کە گرووپێکی تازەدامەزراوە و خۆی بە گرووپێکی چەکداری دژ بە ئەمریکا لە عێراق ناو دەبات. پێشتریش وێنەی بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکای لە بەسرە، سەربازگەی تاجی و پارێزگای زیقار بڵاو کردووەتەوە.
rudaw -
