پشتیوان سادق: هەولێر هەر هەولێرە و گەشاوەتر و زیندووتر دەبێتەوە
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف لە خاڵی دووەمی پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە "ئەو ھێرشەی دوێنێ لەگەڵ ھێرشە تیرۆریستییەکانی تر جیاوازە، چونکە ھێرشی ئەمجارە بریتییە لە ململانێی نێودەوڵەتی لەنێوان ئەمریکا و ھاوپەیمانان و چەند وڵاتێکی ئیقلیمی بەھێز، بۆیە گواستنەوەی و دروستکردنی کێشە و ئەو ململانێیانە بۆ ھەولێر لەو چواردەورە ئاگرینەدا بێگومان شتێکی مەحاڵ نیە، بەڵکو قابیلی جێبەجێکردنە، ئەوە جیاوازە لە کارەکانی قاعیدە و ئەنسار و داعش".
بە گوتەی وەزیری ئەوقاف، ھەولێر کە بە "شاری ھێمنی" ناسراوە، "سەرەرای ئازارەکەی دوێنێ ئیجابیاتی زۆری ھەیە، بۆ ناو و نێوبانگی کوردستان و پاڵپشتیی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ کوردستان و بۆ بەھێزکردنی پێکەوەژیان و پاراستنی ئارامیی زیاتر و پشتگیریی خەڵکەکەی".
لە یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی پێداوە، پشتیوان سادق دەڵێت "خەڵکی ھەولێر ھەر دوێنی تەنانەت یەک خولەکیش لەو شوێنانەی کە مووشەکی بەرکەوتن، دۆخی ژیان نەوەستا و خەڵکەکەی بە ئەوپەڕی مەعنەویاتی بەرزەوە سۆز و خۆشەویستی و وەفایان بۆ شارەکە نیشاندا و، ئەوەش نیشانەی ئازایەتی و زیندوویی و چاونەترسیی خەڵکی بەئەمەکی ھەولێرە، کەواتە ھەولێر ھەر ھەولێرە و گەشاوەتر و زیندووتر دەبێتەوە".
لە کۆتاییدا وەزیری ئەوقاف دەڵێت "مەبەستی سەرەکیی ناحەزان و دووژمنان لەو کارە تیرۆرستییانە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنە، خەڵکی ھەولێر نەترسا".
شەوی دووشەممە 15ی شووباتی 2021 کاژێر 21:30 چەند مووشەکێک لە چەند شوێنێکی جیاوازی هەولێر کەوتنەخوارەوە. یەکێک لە مووشەکەکانیش لە شەقامی 40 مەتری کەوتووەتە خوارەوە. هێرشەکەی سەر هەولێر کاردانەوەی نێوخۆیی و جیهانیی لێکەوتەوە و بە تووندی سەرکۆنە کرا.
rudaw -
