پەرلەمانی کوردستان: پەلەبکرێت لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی تیرۆریستان لێیەوە دزە دەکەن
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە "بە پلەی یەکەم ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشە، هاوکات دەبێت دەوڵەتی عێراقی فیدراڵیش پابەندی ئەرکە دەستووری و یاسایی و سیاسییەکانی بێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم پەلە بکات لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە تیرۆریستان و ناحەزان لێیەوە دزە دەکەن بۆ پەلاماردانی هەرێمەکەمان و تێکدانی دۆخی شار و شارۆچکەکانی".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە پێویستی دەزانێت هەرچی زووە رێکاری یاسایی لە دژی ئەنجامدەرانی ئەو پەلامارە بگیرێتەبەر.
شەوی دووشەممە 15ی شووباتی 2021 کاژێر 21:30 چەند مووشەکێک لە چەند شوێنێکی جیاوازی هەولێر کەوتنەخوارەوە. یەکێک لە مووشەکەکانیش لە شەقامی 40 مەتری کەوتووەتە خوارەوە. هێرشە مووشەکییەکانیش کاردانەوەی تووندی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە و سەرکۆنە کرا.
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان:
ڕاگەیاندراوێک لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هێرشە موشەکیەکەی سەرهەولێر
بەداخەوە دوێنێ شەو تیرۆریستان لە کارێکی ترسنۆکانەدا بە موشەک چەند شوێنێکی پایتەختی هەرێمی کوردستانیان بۆردوومان کرد، لێرەوە بەناوی پەرلەمانی کوردستان زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆریستیە ترسنۆکانەیە بۆ سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بەشێک لە گەرەکەکانی شاری هەولێر دەکەین.
هەرێمی کوردستان نەوایەکی ئارامە بۆسەرجەم پێکهاتەکانی، لەکاتە سەختەکاندا دەرگای بۆ هەزاران لێقەوماوی شارەکانی تری عێراق و تەنانەت ووڵاتانی دراوسێش ئاوەڵایە و لەسەر ئاستی فەرمی و میللی دەیانحەوێنێتەوەو پەنایان دەدات، بۆیە پاراستنی ئەو پەناگە ئارامەی ناوچەکە کە جێگەی هەموو جیاوازیەکانی تێدا دەبێتەوە، بە پلەی یەکەم ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشە، هاوکات دەبێت دەوڵەتی عێراقی فیدراڵیش پابەندی ئەرکە دەستووری و یاسایی و سیاسیەکانی بێت، بەهاواهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم پەلە بکات لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە تیرۆریستان و ناحەزان لێیەوە دزە دەکەن بۆ پەلاماردانی هەرێمەکەمان و تێکدانی دۆخی شار و شارۆچکەکانی.
لە کۆتاییدا، بە پێویستی دەزانین هەرچی زووە ڕێکاری یاسایی لەدژی ئەنجامدەرانی ئەم پەلامارە بگیرێتە بەر، وهاوخەمی خۆمان ئاراستەی کەس و کاری قوربانیان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی بەپەلەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢١/٢/١٦
rudaw -
