لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: پێویستە حکوومەتی عێراق ئەو گرووپانەی هێرشیان کردە سەر هەولێر ئاشکرا بکات

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: پێویستە حکوومەتی عێراق ئەو گرووپانەی هێرشیان کردە سەر هەولێر ئاشکرا بکات
نوێنەری حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ژووری هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستە حکوومەتی عێراق ئەو گرووپانە ئاشکرا بکات، کە کردەی تیرۆریستی دەکەن و هەولێر دەکەنە ئامانجی مووشەکەکانیان.

لیوا عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت، نوێنەری حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ژووری هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی عێراق، رایگەیاند، دوژمنانی گەلی کوردستان بە یەک چاو سەیری هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەکەن، ”وه‌ک گه‌لی کوردستان چه‌نده‌ یه‌ک بگرین ئه‌وه‌نده‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیمان دایه‌“.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت هەروەها رایگەیاند، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر.

نوێنەری حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ژووری هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی عێراق پێیوایە دەبێ حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی دۆخەکە هەڵبگرێت و ئەو گرووپانەی کردەی تیرۆریستی دژی هەولێر دەکەن، دەستنیشانیان بکات.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، هەروەها بە پێویستی زانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە لە بەرەی پێشەوەن، رێکارەکانی پارستنی سنوورەکان توندوتۆڵتر بکەن.

ئەو فەرماندە کوردەی ژووری هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، کە هێزە عێراقییەکان بەبێ هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە ناتوانن ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە رووی ئەمنییەوە کۆنترۆڵ بکەن.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەگەر هێزە عێراقییەکان هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە نەکرد، ئەوا هەرێمی کوردستان رێکارە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی لە سنوورەکانی لەگەڵ سوپای عێراق، چڕ دەکاتەوە، چونکە ئەگەر هەیە گرووپە چەکدارییەکان ئەو کردە تیرۆریستییانە دووبارە بکەنەوە.














باسنیوز



Top