وەزیری تەندروستی: ئەگەری تەشەنەسەندن و زۆریی ژمارەی تووشبوان لە ئارادایە
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئاشکرای کرد، لە عێراق ڕێژەی تووشبوون دوو بەرانبەر بووەتەوە و ئەگەری تەشەنەسەندن و ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستانیش هەیە.
د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو ڕێکخراوە جیهانییانە لە بوارەکانی دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان ڕۆژانە بەردەوام لەگەڵمان لەسەر هێڵن و بە شێوەی زانستیانە لەسەر ئاستی جیهان شیکاری دەکەن و لەگەڵمان لە پێوەندیدان و بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن".
وەزیرەی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشی گەیاند: "ئێمە دەستخۆشییان لێ دەکەین و لەگەڵ ئەوەش چەندین داواکاری و پێشنیازی داهاتوومان خستووتە ڕوو و داوامان کرد لە داهاتوودا ڕۆڵی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی زیاتر بێت بۆ دابینکردنی پێکوتەی کۆرۆنا کە ئێستا دابینکردنی پێکوتەی کۆرۆنا لە زۆر وڵاتان دەستی پێ کردووە و لە هەرێمی کوردستانیش لەڕێگەی دامەزراوەی نیودەوڵەتیی کۆڤاکس کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەشێکی سەرەکیی ئەم ئاژانسەیە، دەبێ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆڵێکی بەرچاوتر ببینێت بۆ ئەوەی ڕەوشی هەرێمی کوردستان و قەیرانی ئابووری و دۆخی پەتاکە و ئەگەری بەرزبوونەوەی تووشبوانی پەتاکە لەبەرچاو بگرن، چونکە لەم ڕووەوە هەرێمی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە".
د. سامان بەرزنجی گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی ڕێکخراوی تەندروستی بەڵێنییان داوە کە لەڕووی دابینکردنی پێکوتەی کۆرۆناوە، پشکی هەرێمی کوردستان لە ئاستی عێراقدا لەبەرچاو بگرن".
ئاماژەی بەوەش دا: "هەروەک دەزانن ئێستا ڕێژەی تووشبوون بە پەتاکە لە ئاستی عێراقدا دوو بەرانبەر زیادی کردووە و پێشبینی و ئەگەرەکان ئەوە دەردەخەن کە تەشەنەسەندن و ژمارەی تووشبوان دیسان دەست پێ بکاتەوە و لێرەوە لەڕێگەی دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە کە ڕۆڵی بەرچاویان لە کوردستان هەیە، ئێستاش زۆر پێویستمان بە هاوکاری و پاڵپشتیی ئەوان هەیە کە لەبارەی پەتاکەوە هۆشیاریی زیاتر بدەنە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان لە بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆ بەدوور بگرن و بەکارهێنانی دەمامک وەک ڕەوشتێکی ئێستای هەموو جیهان لەبەرچاو بگرن، چونکە بەرکارهێنانی دەمامک گرنگترین ڕێکارە بۆ دوورکەوتنەوە لە تووشبوون ".
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان جیا لە بوونی پەتای کۆڤید ١٩، زۆر بە وردی چاودێریی زنجیرە و جۆری نوێی پەتای کۆۆرنا دەکەین و هەر حاڵەتێکی گومانلێکراوی بەدی بکرێت، ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و هەرێمی کوردستان لەمبارەوە هەم لەڕووی ئامێر و هەم لەڕووی هێزی مرۆییەوە توانای باشی هەیە و لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش لەم ڕووەوە هەماهەنگیی ڕۆژانەمان هەیە".
باسنيوز
