سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه و هێرشه‌كه‌ی به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ و شه‌رمه‌زار كرد و سه‌ره‌خۆشیی بۆ كه‌سوكاری قوربانیان ڕاگه‌یاند، داواش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكا، مه‌ترسيى ئەو هێرشە زۆر بە جددی وەربگرن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16/2/2021،‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی سه‌ر هه‌ولێر، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردوو كە بە مووشەك كرایە سەر هەولێر و بووه‌ هۆى گيانله‌ده‌ستدانى كەسێك و برينداربوونى نۆ كه‌سى دى كە ژماره‌يه‌كيان ئەمه‌ریكین، بە توندی سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین. سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانييه‌كه‌ دەكەین و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكا، مه‌ترسيى ئەو هێرشە زۆر بە جددی وەربگرن و كار بكەن بۆ ڕێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هاندانى حكوومەتی عێراقه‌وه‌ بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و بەتایبەتی مادەی 140.

نێچیرڤان بارزانی، له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ "داوا لە بەڕێز سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و فەرماندەیي هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەكەم، بە خێرایی ميكانيزمى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كارا بكه‌نه‌وه‌ و هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و دەزگا و هێزە عێراقييه‌كان بە بەشداريی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگ بن".

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى و هەبوونی هه‌ندێك هێز و گرووپى چه‌كدارى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى فيدراڵ، بوونه‌ته هۆى ئاڵۆزيى ناوچه‌كه و وای كردووە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان هه‌بێت. بۆيه‌ داوا له‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق ده‌كه‌م به‌په‌له‌ ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى لێكۆڵينه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زووترين كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزاى ياسايى بگه‌يه‌نرێن.







باسنيوز
Top