بلینکن توڕەیی ئیدارەی ئەمریکا بەهۆی هێرشەکەی سەر هەولێر رادەگەیەنێت

بلینکن توڕەیی ئیدارەی ئەمریکا بەهۆی هێرشەکەی سەر هەولێر رادەگەیەنێت


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئیدارەی وڵاتەکەی بەهۆی هێرشەکەی سەر هەولێر توڕەیە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی ”توڕەیی“ وڵاتەکەی، سەرەخۆشی لە کەسوکاری بەڵێندەرە ئەمریکییەکە کردووە.

ئەنتۆنی بلیکن هەروەها رایگەیاندووە، دوای هێرشەکە، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە و بەڵێنی پاڵپشتیی ئەمریکای بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان، بە مەسرور بارزانی داوە.

دوای رووداوەکە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی گیانی لەدەست داوە و سەربازێک و پێنج هاووڵاتیی دیکەی وڵاتەکەشی بریندار بوون.

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاتژمێر 9:30 خولەکی شەوی دووشەممە 15-2-2021، ژمارەیەک مووشەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنە خوارەوە.







باسنيوز
Top