بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان رەتکرایەوە
سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی ورمێ ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لەو پارێزگایە دەکەن و دەڵێت، هیچ تووشبوونێک بە کۆرۆنای گۆڕاو تۆمار نەکراوە.
جەواد ئاقازادە، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای ورمێ دەڵێت: "خەواندنی تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان بە بەراورد بە مانگی رابردوو 2.5 هێندە زیادی کردووە. هەروەها نزیکەی نیوەی ئەوانەی کە نموونەیان لێ وەردەگیردرێت تووشبوون."
بە گوتەی جەواد ئاقازادە، کۆتایی مانگی رابردوو ئەنجامی 10٪ی پشکنینەکان ئەرێنی بووە، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە گەیشتووەتە 45٪.
د. کەریم ناسری، پزیشکێکی سنەیە و دەڵێت: "لەم دۆخەدا چارەسەری سەرەکی پابەندبوونی خەڵکە بە رێنماییە خۆپارێزییەکانەوە. خەڵک بە بەکارهێنانی دەمامک و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵخی و کەمکردنەوەی سەردان و گەشتکردن دەتوانن ژمارەی قوربانییان کەمتر بکەنەوە."
بەرپرسانی تەندروستیی ئێران بە پارێزەوە باسی دەستپێکردنی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا دەکەن. دەڵێن، شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا لە شەپۆلەکانی پێشتر زۆر مەترسیدارتر دەبێت، بەتایبەت ئەوەی کە کۆرۆنای گۆڕاو لەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە و ئەو پەتایە بە بەراورد بە کۆرۆنای دیکە، مەترسیدارترە.
محەممەد تالبپوور، سەرۆکی نەخۆشخانەی سینای تاران دەڵێت، خێرایی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو پێنج هێندە و رێژەی مردنی تووشبووانی ئەو پەتایەیش سێ بەرامبەری کۆرۆنای دیکەیە.
تاوەکو ئێستا لە ئێران مردنی سێ تووشبووی کۆرۆنای گۆڕاو راگەیێندراوە. یەکێک لە تاران، پیاوێکی 48 ساڵان لە قەزوین و ژنێکی 45 ساڵان لە کاشان.
لەبارەی ژمارەی تووشبووانیشەوە ئاماری تەواو بڵاو ناکرێتەوە. وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، 12 تووشبوو تۆمارکراون، بەڵام تەنیا لە تاران و قەزوین تووشبوونی 14 کەس بە فەرمی راگەیێندراوە. لەم دۆخەدا، تووشبوونیش رۆژانە زیاد دەکات و نەبوونی ژێرخانی گونجاوی تەندروستی کێشەکە گەورەتر دەکات.
حوسێن کرمانپوور، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی رێکخراوی پزیشکانی ئێران دەڵێت، بەهۆی پابەندنەبوونی خەڵکەوە ژمارەی خەواندنی تووشبووانی کۆرۆنا زۆر زیادی کردووە و بەشەکانی ICU خەریکە پڕ دەبن.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، نۆ شار لە دۆخی سوور، 39 شار لە دۆخی پرتەقاڵی، 228 شار زەرد و 172 شار لە دۆخی شیندان. هیچ کام لە شارە سوورەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان نین، بەڵام لەنێو شارە پرتەقاڵییەکاندا پێنج شاری پارێزگای ورمێ هەن: خۆی، سەڵماس، نەغەدە، بۆکان و میاندواو لە دۆخی مەترسیداردان.
rudaw -
