چه‌كدارێك ده‌ستڕێژی گولـله‌ له‌ زانكۆی كۆیه‌ ده‌كا

چه‌كدارێك ده‌ستڕێژی گولـله‌ له‌ زانكۆی كۆیه‌ ده‌كا
ئۆتۆمبێلێك دوای ئه‌وه‌ی هه‌وڵ ده‌دا بچێته‌ نێو زانكۆی كۆیه‌ و ڕێی لێ ده‌گیرێ، ده‌ستڕێژی گولـله‌ له‌ زنكۆكه‌ ده‌كا، به‌ڵام زیانی گیانی نییه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15/2/2021، د. رۆستەم زەنگەنە، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی زانکۆی کۆیە رایگەیاند، دوای ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێك بە پاساوی ئەوەی قوتابیەک دێنێتە ژوورەوە، هەوڵی داوە بێتە ناو زانکۆ و به‌پێی ڕینوێنییه‌كان ڕێی پێ نادرێ، ده‌ستڕێژی گولـله‌ی له‌ زانكۆكه‌ كردووه‌.

سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی زانکۆی کۆیە به‌ كوردستان 24ـیشی ڕاگه‌یاندووه‌، "بەپێی رێنماییەکانی زانکۆ ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لۆگۆی زانکۆی پێوە نەبێ، رێگای هاتنەژوورەوەی پێنادرێت، لە ئەنجامی دەمەقاڵێ لەگەڵ پۆلیسەکانی زانکۆ ئەو کەسە دەستڕێژی گولـلەی کردووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە".

ڕووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ له‌ كاتێكدا بووه‌، زانکۆ دەوامی ئاسایی هەبووە و گۆڕەپانی زانکۆ قەرەباڵغ بووە و ژمارەیەكی زۆری قوتابی لێ بووە، بۆیه‌ وه‌كوو سه‌رۆك لیژنه‌ی ئه‌منیی زاكۆی كۆیه‌ باسی كرد، رووداوەکە دۆخێکی نەخوازراو و شڵەژانی لای قوتابیان دروست کردووە.

ئاشكراشی كرد، كه‌ وەکوو سەرۆکایەتیی زانکۆ ژمارە و جۆری ئۆتۆمبێلەکەیان داوەتە هێزه ئەمنییەکان و هێزێکی ئەمنیش بۆ لێکۆڵینەوە له رووداوەکە هاتووەتە زانکۆی کۆیە.













باسنيوز


Top