کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت شۆڕشی وزە بەردەوامەکان بەرپادەکەن
بەشێک لە کۆمپانیاکانی بواری وزە دەستیانپێکردووە و بەشێکیشیان پلانی چڕی وەبەرهێنانیان داڕشتووە بۆئەوەی چۆن لە رابردوودا سەرمەشق و پێشەنگی بەرهەمهێنانی وزە نەریتییەکانی وەکو خەڵووز، نەوت و گاز بوون، بەو شێوەیەش لە داهاتوودا جڵەوی وزە بەردەوامەکان بگرنەدەست.
لە بەریتانیا بەگوێرەی ئەو پلانانەی حکومەتی ئەو وڵاتە دایناون، تاوەکو ساڵی 2030، ژمارەی کێڵگە ئاشەباکانی سەر ئاو زیاتر دەبن لە ژمارەی سەکۆ نەوتییەکان. هەردوو کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم (BP) و تۆتاڵ ستراتیژییەت، وەبەرهێنانی وزەیان لەڕێگەی با ئاشکراکردووە. بریتش پێترۆڵیەم بڕی 924 ملیۆن پاوەند لە دوو کێڵگە خەرجدەکات. لە ساڵی 2020، ئەو کۆمپانیایە پلانی فڕێدانی سفر دوانەئۆکسیدی کاربۆنی راگەیاند کە تاوەکو ساڵی 2050 پلانەکەی جێبەجێ دەکات. بریتش پێترۆڵیەم بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ئینێرجی بادین - وێتەرنبێرگ (EnBW)ی ئەڵمانی لە سنوورە ئاوییەکانی دەریای ئێرلاند سەتان ئاشەبا دادەمەزرێنن. بە تەواوبوونی وەبەرهێنانەکانیان لە کێڵگە ئاشەباکان، وزەی کارەبا بۆ سێ ملیۆن و 400 هەزار ماڵ لە سەرتاسەری بەریتانیا دابیندەکەن، ئەوەش بەشدارییەکی گرنگی لە پلانە 10 خاڵییەکەی حکومەتی بەریتانیا دەبێت کە ئامانجیەتی تاوەکو ساڵی 2030 لەڕێگەی وزەی باوە 40 گێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت و وزەی با بۆ هەموو ماڵەکان دابینبکات.
کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم لە دەرەوەی بەریتانیاش سەرقاڵی وەبەرهێنانە لە وزەی با، لە ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای 'ئیکوینۆر' بە بڕی 1.1 ملیار دۆلار پەرە بە کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی وزەی با دەدات. لە مانگی ئەیلوولی 2020، بریتش پێترۆڵیەم رایگەیاند پرۆژەکە 50 گێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت کە دەتوانرێت وزەی کارەبای زیاتر لە دوو ملیۆن ماڵ دابینبکات.
بێرنارد لوونی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم دەڵێت "بەرهەمهێنانی وزەی با لە ئاستی ساڵانەدا 20% زیاد دەکات و بە یەکێک لە هۆکارە جەوهەرییەکانی کەمکردنەوەی فڕێدانی گازە زیانبەخشەکان ئەژماردەکرێت". لوونی رایگەیاندووە، ساڵانە بڕی پێنج ملیار دۆلار لە بەرهەمهێنانی ئەو پرۆژانە خەرجدەکەن کە کەمترین کاربۆن لەخۆدەگرن، ئەوەش بەشێکە لە ستراتیژی کۆمپانیاکە لە وەبەرهێنان لە وزە بەردەوامەکان. هەر لە بەریتانیا کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی لەگەڵ گرووپی وەبەرهێنانی ماکوریسی سەوز پرۆژەیەکی 1.5 گێگاوات کارەباییان بردووەتەوە. بە جێبەجێکردنی هەموو ئەو پرۆژانە کەنارە ئاوییەکانی بەریتانیا لەلایەن پرۆژەکانی ئاشەباوە داگیردەکرێن.
کۆمپانیای شێڵ و ئێنیکۆی هۆڵەندیش سەرقاڵی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی وزەی "با"ن. پێشبینی دەکرێت هاوبەشی هەردوو کۆمپانیا ببێتە هۆی دامەزراندنی دەیان کێڵگەی ئاشەبا لە کەنارە ئاوییەکانی هۆڵەندا.
هەمەجۆرکردنی بەرهەمهێنانی وزە لە سەرچاوە نەریتییەکانەوە بۆ سەرچاوە بەردەوامەکان بە سەرکەوتن بۆ کۆمپانیاکان لە بازاڕی بۆرسە سەیردەکرێت. ئەو کۆمپانیایانەی پێشینەی بەرهەمهێنانی وزە بەردەوامەکانیان هەیە لە بازاڕی بۆرسە بەهای پشکەکانیان بەرەو بەرزبوونەوەیە.
بەڵێنەکانی بریتش پێترۆڵیەم بۆ بەرهەمهێنانی وزە لەڕێگەی با، بەتایبەت دوای ئەوەی 8ی ئەم مانگە توانیی پرۆژەیەکی وەبەرهێنان لەوبارەیەوە بباتەوە، بەهای پشکەکانی ئەو کۆمپانیای نزیکەی 1% بەرزکردەوە.
بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز رەنگە هێندە زەحمەت نەبێت ئاراستەی وەبەرهێنانەکانیان لە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەنێو دەریا بگۆڕن, بەهۆی ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە پێشینە و ئەزموونی لەمێژینەیان هەیە لە دامەزراندنی سەکۆ نەوتییەکان و گرەوەکانیان لەوبارەیەوە زۆرتر سەرکەوتووانەیە.
وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بە گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە 13 تریلیۆن دۆلار زیان دەکەن
راپۆرتێکی ئاژانسی 'تینک - تانک کاربۆن تراکەر' باس لەوە دەکات گۆڕانکاری لە ئاراستەی بەرهەمهێنانی وزە بە زیان بۆ ئەو وڵاتانە دەشکێتەوە کە وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت و گازن. راپۆرتەکە دەڵێت، تەنانەت ئەو وڵاتانەش کە داهاتیان زۆر پشت بە نەوت نابەستێت، هەر بێبەش نابن لە زیانەکان.
راپۆرتە نوێیەکەی کاربۆن تراکەر پێشبینی دەکات بەشێک لە وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت داهاتیان بە رێژەی 40% کەم ببێتەوە و کۆی زیانەکانی بەرهەمهێنەرانی نەوتیش تاوەکو ساڵی 2040 بە 13 تریلیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت.
فۆکسی راپۆرتەکە لەسەر 40 وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە کە بە "وڵاتی نەوت" یان "پێترۆستەیت" ناسراون و داهاتیان بە رێژەی 46% کەمدەبێتەوە. بۆ وڵاتانی وەکو عێراق و غینیا کە بە رێژەی زیاتر لە 80% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن، زیانەکان زۆر گەورەن، بۆ 12 وڵاتی دیکە، لەنێویاندا سعودیە، ئەنگۆلا، ئازەربایجان، نایجیریا و جەزائیر کە بە رێژەی 60% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن، زیانی 20% بۆ 40% بەر داهاتی ساڵانەیان دەکەوێت. سەبارەت بە هەندێک وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، بەهۆی ئەوەی خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوتیان کەمە، راپۆرتەکە پێشبینی دەکات زیانەکان کەمتربن، بەڵام هەندێک وڵاتی وەکو غانا، ئۆگەندا و غینیا مەترسیی زیاتریان لەسەرە بەهۆی ئەوەی پلانی وەبەرهێنانیان لە کێڵگە نەوتییەکان داناوە و پێشبینی دەکرێت دوای چەند ساڵێکی دیکە ببنە وڵاتی نەوتی.
کاربۆن تراکەرس راپۆرتەکەی وەکو هۆشدارییەک بەرامبەر وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت ستایش دەکات لەسەر ئەو بنچینەیەی ئەو وڵاتانە وایان داناوە تاوەکو ساڵی 2040 خواست لەسەر نەوت زیادبکات، هاوکات هۆشداری دەدات بۆئەوەی ئامانجەکانی کەشوهەوا بێنەدی، دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکرێتەوە کە ئەوەش راستەوخۆ دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت.
rudaw -
