هۆشداری بە دایەنگە ناحکوومییەکان دەدرێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی سەرجەم دایەنگە نا حکوومییەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە پێویستە ڕەچاوی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بن و هەر کەسێک مۆڵەت لە دایەنگە یان کەسێکی تر بکڕێتەوە سزا دەدرێت چ ئەو کەسەی مۆڵەتەکەی فرۆشتوەو چ ئەوەی دەی کڕێتەوە.
لەمبارەیەوە، حەلیمە فەتاح، بەڕێوەبەری بەشی دایەنگەکان رایگەیاند: کە جۆرێک لە مامەڵە دروستبووە و هەندێک لە خاوەن دایەنگە مۆڵەت دەفرۆشنەوە، کە ئەمە جۆرێکە لە هەڵخەڵەتاندن و فێڵ کردن و بە پێی یاسا هەر کەس دەیەوێت دایەنگە بکاتەوە دەبێت دەست بە ڕێکارە یاساییەکان بکات و خاوەنی دایەنگە مۆڵەتی نوێ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی سلێمانی وەربگرێ.
ئەوەشی خستە روو، کە بەپێی ماددەی (١٣) لەسیستەمی دایەنگەکان ژمارە ٧ی (٢٠١٣)، بە پێی گشتاندنێک کە لە بەرواری (٢٤ی ٢ی ٢٠٢٠) بە ژمارە (٧٧٣) دەرچووە ئەو بابەتە ڕوونکراوەتەوەو بۆ هەموو دایەنگەکان نێردراوە، تێیدا هاتووە:
١- هیچ خاوەن مۆڵەتێکی دایەنگە بۆی نیە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی ناوی دایەنگەکەی بگۆڕێت یان بینای دایەنگەکەی بگوازێتەوە.
٢- مۆڵەت و خاوەنداریەتی دایەنگە ناگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر،تەنها مەگەر ڕەزامەنی وەربگرێت و، مۆڵەتێکی نوێ وەربگرێت بە پێی حکومەکانی سیستمی دایەنگەکان.
٣- هەر سەرپێچیەک لەو دوو بڕگەیەی سەرەوە، دەبێتە هۆی (سزا) و دایەنگە ڕوبەڕوی لێپێچینەوە دەکاتەوە
bas news -
