وەزارەتی تەندروستی: ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بەشێوەیەكی مەترسیدارتر هەیە

وەزارەتی تەندروستی: ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بەشێوەیەكی مەترسیدارتر هەیە
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی نەهاتووە" و هۆشداریش دەدات لە ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر، "بەتایبەتیش پاش بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن".

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی کە ئەمڕۆ شەممە 13-2-2021 بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە، "بەداخەوە" هەستێك لەلایەن هەندێک لە هاونیشتمانیان درووستبووە کە گوایە كۆرۆنا نەماوە و مەترسیی ئەو ڤایرۆسە نەماوە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك. "گرنگترینیان هێنانەوەی پاساوی ئەوەیە گوایە كۆمەڵگە بەرگریی بەکۆمەڵ و بەگشتی دروستکردووە دژی ئەو ڤایرۆسە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی زانستی پشتڕاستی بكاتەوە".

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، ئێستا كە ژیان ئاسایی بووەتەوە لە کردنەوەی هەموو شوێنەکانی کەرتی گشتی و تایبەت و کۆبوونەوەی رۆژانەی خەڵك و كردنەوەی مۆڵ و چایخانە و چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەكان و مزگەوت و گەشت کردن و زۆر شوێنی دیکە، "بەڵام بەداخەوە رێنماییەكانی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێت، بەتایبەتی بەكارهێنان و بەستنی ماسك و لێکدوورکەوتنەوە".

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، 106 هەزار و 870 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، 102 هەزار و 234 کەسیان چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 496 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

لە هۆشدارییەکەیدا وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەكات پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان و رێكارەكانی خۆپارێزی بن "بۆ ئەوەی بەكەمترین زیان و بە هاوكاری هەموولایەك ئەم دۆخە تێپەڕێنین بە سەلامەتی".

لە 24 کاژێری رابردووشدا لە هەرێمی کوردستان 53 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون و یەک تووشبوو گیانی لەدەستداوە. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، "خەڵكانێك هەر لە سەرەتاوە باوەڕیان بە بوونی ڤایرۆسەكە نەبووە، بەوەش نەوەستان بەڵكو هەست و سۆزی خەڵكیان رادەكێشا و بابەتی دیکەیان دەبەستەوە بە پرسی كۆرۆنا و دژی ئەو رێكارانە بوون كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و پاراستنی گیانیان دەیگرتنەبەر".

دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی:

هۆشداریەك لە
وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان...

هەر لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID19 لە جیهاندا، بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارەتیەوە وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ڕاوێژكاران و پسپۆران و لایەنە پەیوەندارەکانی ئەم بوارە بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 23 ی مانگی یەکی ساڵی پارەوە بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ دۆخەكە كردووە و بەردەوام هەوڵی داوە دەستپێشخەری هەبێت لە گرتنەبەری ڕێكاری خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، بەڵام لەگەڵ كەمبوونەوەی رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا کە ڕێکارەکان و خۆپارێزی هۆکاری سەرەکی بوو هەم لە دواخستنی تەشەنەکردن و زوو کۆنتڕۆڵکردن و هێواشکردنەوەی بڵاوبوونەوە بەڵام بەداخەوە هەستێك لەلایەن هەندێک لە هاونیشتیمانیان وا دروستبووە گوایە نەخۆشی كۆرۆنا نەماوە و مەترسی ئەم ڤایرۆسە نەماوە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆكارێك و گرنگترینیان هێنانەوەی پاساوی ئەوەیە گوایە كۆمەڵگا بەرگری بەکۆمەڵ و بەگشتی دروستبووە دژی ئەم ڤایرۆسە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی زانستی پشتڕاستی بكاتەوە ئەمە جیا لەوەی خەڵكانێك هەر لەسەرەتاوە باوەڕیان بەبوونی ڤایرۆسەكە نەبووە بەمەش نەوەستان بەڵكو هەست و سۆزی خەڵكیان ڕادەكێشا و بابەتی تریان دەبەستاوە بە پرسی كۆڕونا و دژی ئەو ڕێكارانە بوون كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و پاراستنی گیانیان و دەیگرتە بەر.

ئێستاش كە ژیان ئاسایی بۆتەوە لە کردنەوە هەموو شوێنەکانی کەرتی گشتی و تایبەت و کۆبوونەوەی ڕۆژانەی خەڵك و كردنەوەی مۆڵ و چایخانە و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەكان و مزگەوت و گەشت کردن و زۆر شوێنی تر بەڵام بەداخەوە ڕێنماییەكانی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێ بەتایبەتی بەكارهێنان و بەستنی ماسك و لێکدوورکەوتنەوە.
وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات لە ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن.

هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن بۆ ئەوەی بەكەمترین زیان و بە هاوكاری هەموولایەك ئەم دۆخە تێپەڕێنین بە سەلامەتی.

سوپاسی پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی تەندروستی دەكەین كە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دان، هەروەها ڕۆلی هێزەکانی ناوەخۆ و دەزگاکانی میدیا و ڕاگەیاندن و لایەنە پەیوەندارەکان و مامۆستایانی ئایینی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەرز دەنرخێنین لەهۆشیاركردنەوە و جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

سڵاو بۆ گیانی پاكی قوربانیان لە پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی و هەموو ئەو کەسانەی کە گیانیان سپارد لە پێناو پاراستنی گیانی هاونیشتیمانیان لە هەرێمی كوردستان.

خوای گەورە كوردستان لە هەموو نەهامەتی و نەخۆشیەك بپارێزێت.

وەزارەتی تەندروستی
13 شوبات 2021
rudaw -
Top