سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون: پلانمان هەیە هەلی كاری نوێ بڕه‌خسێنین

سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون: پلانمان هەیە هەلی كاری نوێ بڕه‌خسێنین
سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان رای دەگەیەنێت، لەگه‌ڵ بەردەوامیی دابەشكردنی مووچە، "پلانمان هەیە هەلی كاری نوێش بە پێی پڕۆسەی فرەچەشنكردنی ئابووریی دابین بكرێت"، ئاشكراشی دەكات حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان چاكسازی لە كۆمەڵێك بوار دەست پێ كردووە.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 13/2/2021، عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان رایگەیاند: "كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵێكی ئەوە بووە مووچە بەردەوام به‌ فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران بدات، جووڵەی بازاڕ رانەوەستێت و نه‌ختینه‌ی پارە لە بازاڕەكاندا هەبێت و كاروكاسبی رانەوەستێت و خەڵكی نەك هەلی كار لەدەست نەدەن، به‌ڵكوو پلانمان هەیە هەلی كاری نوێش بە پێی پڕۆسەی فرەچەشنكردنی ئابووری دابین بكرێت و بڕه‌خسێنین".

باسی لە زیادكردنی داهاتی ناوخۆ كرد و گوتی:"حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە دوو ئاراستە توانیویه‌تی لاسەنگیی باری دارایی رابگرێت، ئەمەش لە رێگەی كەمكردنەوەی خەرجییەكان تا نزمترین ئاست و زیادكردنی داهاتەكان، بە مەرجێك باری سەرشانی هاووڵاتیان قورس نەبێت، لەم پێناوەشدا چاكسازیی لە كۆمەڵێك بوار و سێكتەری جیاجیا دەستی پێ كردووە".

سەبارەت بەو بوارانەی چاكسازی تێدا كراون، عەبدولحەكیم خەسرەو گوتی، جگە لە چاكسازیی لە بواری مووچە و خانەنشینی و چاكسازی لەو كەسانەی كە لە جارێك زیاتر سوودمەندن لە مووچە، بەشێكی لەوانە مووچەكانیان بڕدراوە و "دووبارە چاوخشاندنەوەمان بە سیستەمی ماف و ئیمتیازەكان دەست پێكردووە، لە رێگەی چاوخشاندنەوەی بە سیستەمی باج و دەركردنی كۆمەڵێك رێنوێنی و راسپاردەی نوێ و جێبەجێكردنی ماددە و بڕگەیەكی زۆر لە یاسای چاكسازی، پارەیەكی زۆر بۆ گەنجینەی حكوومەت گەڕایەوە ".

بەرپرسەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، جەختیشی كردەوە، توانیویانە موڵكی گشتی بپارێزن و ڕێژه‌ و قه‌باره‌ی داهاتەكانی بزانین و بە شێوەیەكی رێكوپێك كۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتی بكرێت، ئەمە جگە لە داهاتی وەزارەتەكان كە هەر هەمووی دەخرێنەوە ناو گەنجینەی گشتی و بە سیسته‌مێكی تایبەت بۆ وەزارەتەكان تەرخان دەكرێتەوە".












باسنیوز


Top