وەزارەتی تەندروستی هۆشداری له‌ باره‌ی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بە شێوەیەكی مەترسیدارتر ده‌دا

وەزارەتی تەندروستی هۆشداری له‌ باره‌ی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بە شێوەیەكی مەترسیدارتر ده‌دا
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هۆشداریی جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێنوێنییه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌دا و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێشتا مه‌ترسییه‌كان ماون و ئه‌گه‌ری دووباره‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا به‌ شێوه‌یه‌كی خێراتر و مه‌ترسیدارتر هه‌یه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی زانستی نییه‌ بیسه‌لمێنێ كۆمه‌ڵگه‌ به‌رگریی بۆ نه‌خۆشییه‌كه‌ بۆ دروست بووه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 13/2/2021، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕای گه‌یاند، كه‌ هەر لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID19 لە جیهاندا، بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیاریه‌تیەوە وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ڕاوێژكاران و پسپۆران و لایەنە پەیوەندارەکانی ئەم بوارە بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 23 ی مانگی یەکی ساڵی پارەوە بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ دۆخەكە كردووە و بەردەوام هەوڵی داوە دەستپێشخەری هەبێت لە گرتنەبەری ڕێكاری خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.

له‌ به‌شێكی به‌یاننامه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ لەگەڵ كەمبوونەوەی رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا کە ڕێکارەکان و خۆپارێزی هۆکاری سەرەکی بوو هەم لە دواخستنی تەشەنەکردن و زوو کۆنتڕۆڵکردن و هێواشکردنەوەی بڵاوبوونەوە، بەڵام بەداخەوە هەستێك لەلایەن هەندێک لە هاونیشتیمانیان وا دروستبووە گوایە نەخۆشیی كۆرۆنا نەماوە و مەترسیی ئەم ڤایرۆسە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان نەماوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك و گرنگترینیان هێنانەوەی پاساوی ئەوەیە گوایە كۆمەڵگا بەرگری بەکۆمەڵ و بەگشتی دروستبووە دژی ئەم ڤایرۆسە، بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی زانستی پشتڕاستی بكاتەوە، ئەمە جیا لەوەی خەڵكانێك هەر لەسەرەتاوە باوەڕیان بەبوونی ڤایرۆسەكە نەبووە، بەمەش نەوەستان و هەست و سۆزی خەڵكیان ڕادەكێشا و بابەتی تریان بە پرسی كۆڕونا ده‌به‌سته‌وه‌ و دژی ئەو ڕێكارانە بوون كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و پاراستنی گیانیان و دەیگرتە بەر.

له‌ باره‌ی پابه‌ندنه‌بوون به‌ ڕێنوێنییه‌ ته‌ندروستییه‌كانیشه‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، ئێستا كە ژیان ئاسایی بووه‌تەوە لە کردنەوە هەموو شوێنەکانی کەرتی گشتی و تایبەت و کۆبوونەوەی ڕۆژانەی خەڵك و كردنەوەی مۆڵ و چایخانە و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەكان و مزگەوت و گەشت کردن و زۆر شوێنی تر، بەڵام بەداخەوە ڕێنوێنییەكانی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێ، بەتایبەتی بەكارهێنان و بەستنی ماسك و لێک دوورکەوتنەوە.

وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات لە ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر، بە تایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن، بۆیه‌ "داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن بۆ ئەوەی بەكەمترین زیان و بە هاوكاری هەموولایەك ئەم دۆخە تێپەڕێنین بە سەلامەتی."













باسنيوز


Top