ئومێد سەباح: شاندی هەرێمی كوردستان دەچێتەوە بەغدا و تا پەسەندكردنی بودجە دەمێنێتەوە
ئەمڕۆ شەممە 13-2-2021، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هەولێر دەیەوێ لەچوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، لەگەڵ بەغدا بگاتە رێککەوتن.
ئومێد سەباح هەروەها رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کۆ دەبنەوە و ئامادەکاری بۆ سەردانیکردنی بەغدا دەکەن.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت رەزامەندیی لەسەر چوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری حکوومەت بۆ بەغدا داوە و ”لەم چەند رۆژە دەگەڕێینەوە بەغدا“.
ئومێد سەباح جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمجارە شاندەکەی هەرێمی کوردستان تا پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، لە بەغدا دەمێنێتەوە،
لەبارەی دەنگۆی داواکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، حکوومەتی عێراق هیچ پێشنیازێکی وەهای نەکردووە.
باسنيوز
