هەپەگە: بەشداریکردنی هێزەکانی پارتی لە شەڕەکەی گارە راست نییە
لە راگەیێنراوەکەی هەپەگەدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردووەتەوە، هاتووە، ئەو راگەیێندراوانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی هێرشەکەی گارە بڵاوکراونەتەوە "بە تەواوەتی نادروستن و چەواشەکردنی رای گشتییە". بە پێچەوانەوە، سوپای تورکیا لە شەڕەکەدا زیاتر لە 30ی کەسی لێکوژراوە و ئاماژە بەوەشدەکات، زیانی گیانیی گەریلا هێندە نییە کە راگەیێندراوە و بەم نزیکانە لەگەڵ ناوەکانیان بۆ رای گشتی ئاشکرای دەکەن.
هەپەگە هەروەها رایگەیاندووە، "هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکمان لەبارەی بەشداریکردنی هێزەکانی پ. د. ک لە ئۆپەراسیۆنەکەی گارە نییە و ئەو زانیارییانەی لەمبارەیەوە بڵاوبوونەتەوە دروست نین، بەڵام سوپای تورکیا هێزەکانی و کۆپتەرەکانی خۆی لە بنکەی شرناخەوە گواستوونەتەوە بنکەی باشیک و لەوێشەوە بەسەر شارۆچکەی باکرمانی سەر بە ئاکرێوە هاتوونەتە گارە. لەم دۆخەدا هیچ کاردانەوەیەک لە پ. د. ک نەبینراوە".
هەر ئەمڕۆ هەینی 12ی شوباتی 2021 وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی 3 ئەفسەر و 33 گەریلای پەکەکەی بڵاوکردەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 10ی شوباتی 2021، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ-2ی لە چیای گارەی باشووری کوردستان دژی پەکەکە راگەیاند.
رۆژی پێنجشەممەش، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تۆمەتیی هاوکاریکردنی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی گارە کە لەلایەن کەجەکەوە تۆمەتبار دەکرێن، رەتکردەوە. گوتەبێژی پارتی رایگەیاند، "پارتی پەیوەندیی بەم شەڕانەوە نییە و، هیچ ڕێگەشی لە پەکەکە نەگرتووە كە شەڕ بكات یان نا. کە شەڕیان پێ ناکرێ و هەر لە هەڵاتندان هیچ خەتای پارتی نییە و با واز لەو تۆمەتە بێ بنەمایانە بهێنن".
rudaw -
