ڕوونكردنەوەیەک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

ڕوونكردنەوەیەک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی گرژی و پێكدادانی نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیا بڵاو كردەوە.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە "لەبارەی گرژی و پێكدادانی نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیا، دیسان كەجەكە لە بەیاننامەیەکیدا کەوتووەتە بڵاوكردنەوەی قسەی بێ بنەما و تۆمەتبەخشینەوە لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان. وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەو قسە و تۆمەتە بێ بنەمایانە، جەخت لەوە دەكەینەوە كە پارتی هیچ پەیوەندیی بە ناكۆكی و گرژییەكانی نێوان ئەو دوولایەنەوە نییە. لە ڕاستیدا، ئەوە پەكەكەیە كە دەستی سوپای توركیای ڕاكێشاوەتە ناو هەرێم و ئاڵۆزی و تێكدان و ناسەقامگیری بۆ هەرێم گواستووەتەوە. كە پەكەكە شەڕی توركیای لەناو خاكی توركیادا نەكردووە و بەردەوام لە هەڵاتندایە و خەڵكی تر بە دوای خۆیدا ڕادەكێشێت، پارتی چ تاوانێكی كردووە؟".

هەروەها لە ڕوونكردنەوەكەدا دەڵێ "دووپاتی دەكەینەوە كە پارتی پەیوەندیی بەم شەڕانەوە نییە و هیچ ڕێگەشی لە پەکەکە نەگرتووە كە شەڕ بكات یان نا. کە شەڕیان پێ ناکرێ و هەر لە هەڵاتندان هیچ خەتای پارتی نییە و با واز لەو تۆمەتە بێ بنەمایانە بهێنن. پەکەکە خۆی باش دەزانێ کە ئەگەر پارتی بە ڕاستی دەستی لەو شەڕانەدا هەبووایە، پەکەکە لە دۆخێکی خراپتردا دەبوو".

مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە كۆتاییدا رایگەیاندووە "پێمانوایە باشترین چارەسەری بۆ ئەو ناسەقامگیرییە ئەوەیە كە پەكەكە بەڵای خۆی لە كۆڵی هەرێمی كوردستان بكاتەوە و چیتر نەبێتە هۆی ناسەقامگیری و تێكدانی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان".












باسنيوز

Top