فراکسیۆنی پارتی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ کازمی تاوتوێکرد

فراکسیۆنی پارتی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ کازمی تاوتوێکرد
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و جگە لە قسەکردن لەبارەی پێشهاتەکان و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کردووە.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی شووبات راگەیاند "فراکسیۆنەکەمان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە؛ ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێکران بریتیبوون لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، بەتایبەت بودجە؛ ئێمەش پێمان راگەیاند کە پاڵپشتیی هەنگاوەکانی حکومەت دەکەین، چونکە پەیوەندی لەنێوان پەرلەمان و حکومەت تەواوکەری یەکترن".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی "جەختمان کردەوە لەسەر پاڵپشتیکردنی ئەو دەقەی کە لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021دا لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان هاتووە و پێشتر حکومەت رەوانەی پەرلەمانی کردووە؛ هاوکات داوامان لە کازمی کرد رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کارابکرێن، بەتایبەت لە ناوچەکانی ماددەی 140ـی دەستوور؛ هەروەها جەختمان کردەوە کە دەبێت حکومەت و پەرلەمان و هەموو لایەنەکان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن، بەتایبەت پرسی بودجە، بەشێوەیەک کە بودجە بۆ هەموو لایەک دادپەروەرانە و جێگەی قبووڵکردن بێت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دەبێت لە بودجەی فیدراڵیدا شایستە داراییەکانی هەموو لایەک لەبەرچاو بگیرێن و هیچ لایەنێک نەیکاتە دەستکەوت لەسەر لایەنێکی دیکە، هاوکات کێشەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تەنیا مووچە نییە، بەڵکو خەرجییە سەروەرییەکان، خانەنشینی، بابەتی پێشمەرگە و زۆر لەو شایستە داراییانەی نێو بودجەن کە دەبێت تێیاندا رەچاوی هەرێمی کوردستان بکرێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت داکۆکی لەو رێککەوتنە بکات کە لەگەڵ حکومەتی عێراق کردوویەتی، بەڵام رادەستکردنی هەموو داهاتی نەوت دەستووری نییە، چونکە لە دەستووردا مافەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراون، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسە بکرێت و گوتی "ئێمە رێگەنادەین مافی هەرێمی کوردستان پێشێل بکرێت".
rudaw -
Top