نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە ئیمارات دەکات
نێچیرڤان بارزانی، سەرکەوتنی کاری مانگە دەستکردەکەی ئیمارات بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ خەڵکی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ناودەبات و رایدەگەیێنێت "پیرۆزبایی لە خەڵک و سەرکردایەتیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەکەم بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە گەشتەکەیان بۆ مەریخ لە بۆشایی ئاسمان. ئەم دەستکەوتە گرنگە ئیلهامبەخش دەبێت بۆ خەڵکی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی."
ئێوارەی رۆژی سێشەممە کاژێر 19:00 بە کاتی هەولێر، مانگی دەستکردی ئیمارات ناسراو بە هیوا بە سەرکەوتوویی گەیشتە خوولگەی مەریخ و ئیمارات بووە یەکەمین وڵاتی عەرەبی و پێنجەمین وڵات لە جیهان گەشتی بۆشایی ئاسمان بۆ هەسارەی مەریخ ئەنجامدەدەن.
مانگی دەستکردی هیوا لەدوای 7 مانگەوە بە بۆشایی ئاسماندا رۆیشت و لەدوای بڕینی 493 ملیۆن کیلۆمەتر، گەیشتە خوولگەی مەریخ و دەستبەجێ دەستیکرد بە ناردنی زانیاریی تایبەت بە بەرگە هەوا و کەشوهەوای هەسارەکە بۆ ناوەندی بۆشایی ئاسمانی لە ئیمارات.
ئەم گەشتە ئاسمانییەی ئیمارات لەچوارچێوەی هەوڵی ئەو وڵاتە دێت بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئاژانسی زانستی ئیمارات بە دروستکردنی نشینگەیەک لەسەر هەسارەی مەریخ تاوەکو ساڵی 2 هەزار و 117ـی زایینی.
بڕیارە مانگی دەستکردی هیوا بۆ ماوەی 2 ساڵ لە خوولگەی هەسارەی مەریخدا بسووڕێتەوە و زانیاریی زانستی لەبارەی کەشوهەوای هەسارە سوورەکە بنێرێت، بەتایبەتی لەبارەی هۆکاری نەمانی ئۆکسجین و هایدرۆجین لەسەر ئەو هەسارەیە.
یەکەمین جار کە ئیمارات نیازی خۆی بۆ رۆیشتن بەرەو هەسارەی مەریخ ئاشکرا کرد لە ساڵی 2014دا بوو و لە ساڵی 2017دا بەرنامەی نیشتمانیی تایبەت بە بۆشایی ئاسمانی ئاشکرا کرد و لەساڵی 2019دا کەشتیوانێکی ئیماراتی بەناوی هەزاع مەنسووری بووە یەکەمین ئیماراتی کە گەشتی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان ئەنجامبدات.
rudaw -
